سەردێڕ:

سێ وڵات رێککەوتن لەسەر دانوستان لەسەر رێککەوتنی بازرگانی ئازاد بۆ بەرپەرچدانەوەی بڕیارەکانی ترەمپ

PM:04:32:30/03/2025

2444 جار خوێندراوەتەوە

چین، کۆریای باشوور و ژاپۆن رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی دانوستانی خێرا بۆ رێککەوتنی بازرگانی ئازادی سێ قۆڵی بۆ چارەسەرکردنی کاردانەوەی بڕیارەکانی ترەمپ.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ـی ئازارـی ٢٠٢٥، بەگوێرەی بەیاننامەیەکی هاوبەش کە دوای کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای ئەو سێ وڵاتە لە سیئۆل بڵاوکرایەوە، چین، کۆریای باشوور و ژاپۆن رێککەوتن لەسەر ئەنجامدانی دانوستانی خێرا بۆ رێککەوتنی بازرگانی.

هەروەها، ئەمە یەکەم کۆبوونەوەیە لەسەر ئەم ئاستە لە ماوەی پێنج ساڵدا و دوای ئەوە دێت کە ترەمپ بازرگانی جیهانی پەکخست بە سەپاندنی باجی سزا بەسەر کۆمەڵێک کاڵای بەرفراوان لەوانە ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر.

هاوکات، کۆریای باشوور و ژاپۆن لە گەورەترین وڵاتانی هەناردەکاری ئۆتۆمبێلن لە جیهاندا و چین بەهۆی باجی نوێی ئەمریکاوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

لە کۆبوونەوەکەدا، ئاهن دوک گیون، وەزیری پیشەسازی کۆریای باشوور و یوجی موتۆ، هاوتا ژاپۆنییەکەی و وانگ وێنتاو، وەزیری بازرگانی چین ئامادەبوون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ترەمپ، بەڵێنی داوە باجی ئامانجدار بەسەر هەر هاوبەشێکی بازرگانیدا بسەپێنێت، کە لە ٢ـی نیسانەوە دەستپێدەکات، بۆ راستکردنەوەی ئەو شێوازە بازرگانیانەی کە بە نادادپەروەری دەزانێت.













گەلەری