سەردێڕ:

دابەشکردنی ئاو لە کۆیە و دەوروبەری راگیرا

PM:09:11:29/03/2024

3188 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆیە رایگەیاند، بەهۆی پیسبوونی ئاوی زێی بچووک لە ئەنجامی رژانی نەوتی رەش بۆ نێو ئاوەکە، لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتییان هەردوو پڕۆژەی ئاوی بۆگد–کۆیە و تەقتەق–کۆیە وەستێنراون. دەشڵێت، "لە ئێستادا دابەشکردنی ئاو بۆ ناو سەنتەری شاری کۆیە و گوندەکانی دەوروبەری راگیراوە".


ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کۆیە رایگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و بەهۆی تێکەڵبوونی نەوتی رەش لەگەڵ ئاوی زێی بچوک (دوکان)، هەردوو پڕۆژەی ئاوی بۆگد-کۆیە و تەقتەق–کۆیە وەستێنراون.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا دابەشکردنی ئاو لە سەنتەری شاری کۆیە و گوندەکانی دەوروبەری راگیراوە تا کاتی پاکبوونەوەی ئاوی زێی بچووک.

ئەوەشی خستە روو، هەر کاتێک ئاوی زێی بچووک پاک بووەوە، دەست دەکرێتەوە بە دابەشکردنی ئاو، بۆیە داواکارن لە هاوڵاتیان لەو ماوەیەدا بە وشیارییەوە ئاو بەکاربهێنن.

هاوکات، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەدوای ئەوەی بەهۆی رووداوێکی هاتوچۆوە بڕێکی زۆر سوتەمەنی رژایە نێو زێی بچوکەوە لە دوکان، لە ئێستادا دابەشکردنی ئاو راگیراوە تاوەکو بەتەواوی ئاوەکە پاک دەبێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنی لە سەنتەری دوکان رووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان دوو بارهەڵگری سووتەمەنی روویدا و بەهۆی رووداوەکەوە هەردوو بارهەڵگرەکە گڕیان گرت.













گەلەری