سەردێڕ:

ئیسڕائیل رەزامەندی دەربڕی بۆ دانوستانێکی نوێ لەسەر پێکهێنانی ئاگربەست

PM:07:10:29/03/2024

1352 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دانوستانێکی نوێ بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە دوو شاندی "مۆساد" و "شین بێت" سەردانی قەتەڕ و میسڕ بکەن.


ئەمڕۆ هەینی، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل رایگەیاند، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دانوستانێکی نوێ بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر رەزامەندی ناتانیاهۆ شاندێکی دەزگای زانیاری ئیسڕائیل(مۆساد) و شاندێکی دەزگای ئاسایشی ئیسڕائیل (شین بێت) سەردانی میسڕ و قەتەڕ دەکەن بەمەبەستی دانوستان بۆ پێکهێنانی ئاگربەست.

هاوکات، پێشتر قەتەڕ جەختی لەوە کردەوە، دانوستانەکانی نێوان حەماس و ئیسڕائیل بۆ پێکهێنانی ئاگربەست لە غەززە هێشتا بەردەوامە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممەی هەفتەی رابردوو، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانیشتنێکی بۆ دەنگدان لەسەر رەشنووسی یاسای پێکهێنانی ئاگربەست لە غەززە ئەنجامدا و تێیدا بڕیار لەسەر پەسەندکردنی رەشنووسی یاسای ئاگربەستی غەززە درا.

راگەیاندنی ئەو ئاگربەستە لە کاتێکدایە، لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە عەززە بەردەوامە و لە سەرەتای هاتنی مانگی رەمەزانیشەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەوڵی راگەیاندنی ئاگربەستدان بەپێی ئەوەی زۆرینەی دانیشتوانی کەرتی غەززە مسوڵمانن و لە دۆخێکی سەختدان.













گەلەری