سەردێڕ:

لە ئیسرائیل چی روودەدات؟

PM:05:21:07/10/2023

27316 جار خوێندراوەتەوە

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە گروپە چەکدارەکانى فەڵەستین رایانگەیاند، زیاتر لە حەوت هەزار موشەکیان لە کەرتى غەزەوە ئاراستەى ئیسرائیل کردوە، تا ئێستاش بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانەوە زیاتر لە ٢٠٠فەڵەستینی و ١٠٠ئیسرائیلی گیانیان لەدەستداوە زیاتر لە دوو هەزار کەسیش برینداربوون، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش دەڵێت،" ئێمە لە حاڵەتی جەنگداین و بەتوندی وەڵامیان دەدەینەوە".


بۆچوونێک پێی وایە، ئەم هێرشە گەر لە روواڵەتدا وا دەردەکەوێت گورزێکە لە ئیسرائیل، بەڵام لە ناوەرۆکدا گەورەترین خزمەتە بە باڵی راستڕەو و توندرەوی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی بینیامین نەتانیاهۆ و هاوپەیمانەکانی، بەوپێیەی ناتانیاهۆ یەکێکە لە کەسایەتییە توندەکان بەرامبەر عەرەب و موسوڵمانان، وە گوتاری توندی هەیە، دەیەوێت گۆرانکاری بکات لە سیستمی دادوەری و کار بۆ هەندێک رێکاری تر خۆش بکات کە دەسەڵاتی خۆی زیاد بێت و لێپێچینەوە لێی کەمتر بێت.


چی دەوترێت سەبارەت بە هێرشەکانی سەر ئیسرائیل؟

لە بەرامبەر هێرشەکانی چەکدارە فەڵەستینییەکان، سوپای ئیسرائیل چەند هێرشێکی ئاسمانی کردووەتە سەر کەرتی غەزە و ناوچەکانی دیکەی فەڵەستین و لانیکەم ١٦٠ فەڵەستینی تا ئێستا کوژراون، پێشبینیش دەکرێت هێرشەکانی ئیسرائیل چڕتر ببنەوە.

لە دەستپێکی هێرشەکاندا، یۆڤ گاڵانت وەزیری بەرگریی ئیسرائیل وتی، بزووتنەوەى حەماسى فەڵەستینى هەڵەیەکی گەورەی کردوە کە جەنگی لە دژی ئیسرائیل راگەیاندوە، بۆیە لە ئایندەیەکی نزیکدا باجی کردەوەکانیان دەدەنەوە.

هاوکات، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، هەموو پاڵپشتییەکی ئیسرائیل دەکەن تا پارێزگاری لە خاکەکەی بکات.

جەیمس کلێڤەرلی سکرتێری وەزارەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە گرژییەکان بەخێرایی چارەسەر بکرێن پێش ئەوەی ببێتە کارەساتێکی جەنگیی مرۆیی تر و پشتگیری لە ئاسایش و سەقامگیریی ئیسرائیل دەکەن .

لەلایەکی دیکەشەوە، سعودیە داوای راگرتنی شەڕ و رووبەرووبوونەوەکان و چارەسەری بەپەلەی دۆخەکە دەکات.

باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراقیش رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمڕۆی گەلی فەلەستین دەرئەنجامی سروشتی ئەو چەوساندنەوەیە کە لە کۆنەوە ئەنجامدراوە و نادادپەروەری و دەستبەسەرداگرتنی مافەکان ناتوانن ئاشتی لە ناوچەکەدا دروستبکەن.
No description available.

نهێنییەکانی پشت هێرشەکانی گروپە چەکدارەکانی فەڵەستین چین ؟

گرژی و ئاڵۆزییەکان دەگەرێنەوە بۆ سەرەتای ساڵی ٢٠٠٦ کە لە هەڵبژاردنی یاسادانانی فەڵەستین حەماسییەکان ئامادە نەبوون دان بە ئیسرائیلدا بنێن و رەتیان کردەوە توندوتیژییەکانیان بەرامبەر بە ئیسرائیل ڕابگرن.

لە ناوەڕاستی ساڵی٢٠٠٨ـدا گروپە چەکدارییەکانی فەڵەستین بۆ ماوەی ٢٢ ڕۆژ مووشەکبارانی ئیسرائیلیان کرد، پاش ئەوەی ناکۆکی لە نێوان گروپی چەکدارییەکانی حەماس و پاسەوانی سنووری ئیسرائیل کە زیاتر لە ٦ سەربازی ئیسرائیلی کوژران دروست بوو، لەو کاتەوە گرژییەکان تا دێت زیاتر و ئاڵۆزتر دەبن .
No description available.

لە ئێستاشدا پرسی هێرشی گروپە چەکدارییەکانی فەڵەستین بۆ سەر ئیسرائیل بووەتە پرسێکی دوو لایەنە، لەلایەک بەشێک لە وڵاتان پاڵپشتی لە هێرشەکان دەکەن، بەشێکیش لە وڵاتان دژی هێرشەکانن و داوای ئاساییکردنەوە بەپەلەی دۆخەکە دەکەن.













گەلەری