سەردێڕ:

لە حەمدانییە چی روویدا؛ هۆکارەکانی ئاگرەکە چی بوون؟

PM:02:37:27/09/2023

13988 جار خوێندراوەتەوە

درەنگانی شەوی سێشەممە، لە ئەنجامی ئاگر کەوتنەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگی هاوسەرگیریدا لە قەزای حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا، بە سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، سەرچاوە فەرمییەکانی عێراقیش ڕووداوەکە بە خراپترین ئاگرکەوتنەوەکانی چەند ساڵی ڕابردوو ناوی دەبەن.


محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەهۆی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەوە، سێ ڕۆژی ماتەمینی لە تەواوی وڵاتدا ڕاگەیاند، خاوەنی هۆڵەکەش کە ئاهەنگەکەی تیادا ئەنجامدراوە، بە تۆمەتی کەمتەرخەمی و پشتگوێخستنی ڕێنماییەکانی بەرگری شارستانی دەستگیرکراوە.


ئاماری قوربانییەکان

بەپێی زانیاریییەکانی ئێن ئاڕ تی، تاوەکو ئێستا بە هۆی ئەو ئاگرەوە ١٢٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٥٠٠ کەسیش بریندارن کە بەشێکیان برینەکانیان سەختە و مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.
No description available.
هاوکات زیاد لە ٦٠ کەس لە بریندارەکان گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی هەولێر، کە بەشێکیان برینەکانیان سوکە و نزیکەی ٣٠ کەسیان برینەکانیان سەختە و ١٥ کەسیان بە رێژەی ٦٠٪ تا ٩٠٪ی جەستەیان سوتاوە، دوو لەو بریندارانەش مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.

هۆکارەکانی ئاگرەکە و قوربانییەکان

نەجم جبوری، پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، بە پێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان هۆکاری ئاگرەکە بۆ پێشێلکردنی رێساکانی سەلامەتی دەگەڕێتەوە کە هۆکاری سەرەکی بەکارهێنانی یاریە ئاگرینەکان بووە لە هۆڵی ئاهەنگەکەدا.
No description available.

هاوکات بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگری شارستانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ئەو هۆڵەی ئاهەنگەکەی تێدا ئەنجامدراوە رێ و شوێنی سەلامەتی سیستەمی ئاگر کوژێنەوەی تێدا نەبووە و تەنها یەک دەرگای بچوکی هەبووە، کە سەختی دەرچوون لەو دەرگایەوە قوربانیەکی زۆری لێکەوتوەتەوە.
May be an image of lighter

ئەوەشی خستەڕوو، ئاگرەکە بووەتە هۆی داڕمانی بەشەکانی هۆڵەکە چونکە ئەو کەرەستە بیناسازییانەی لەو هۆڵەدا بەکارهاتبوون بە خێرایی گڕ دەگرن و دەبنە هۆی ڕوخانی شوێنەکە، هاوکات، پێشتریش بەرگری شارستانی خاوەنی هۆڵەکەی لەو سەرپێچیانە ئاگادار کردبوەوە کە دەبێت لاببرێن، هەربۆیە خاوەنی هۆڵەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

بڕیار و هەڵوێستی لایەنە پەیوەندیدارەکان

محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەهۆی ڕووداوەکەوە سێ رۆژ ماتەمینی لە سەرتاسەری عێراق راگەیاند، وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستیشی ڕاسپاردووە تا هەوڵەکانیان بۆ رزگارکردنی بریندارەکان چڕتر بکەن.
No description available.

وتیشی، پێویستە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنرێت دەستبەجێ دەست بە بەدواداچوون بۆ ئاشکراکردنی بارودۆخی ڕووداوەکە بکات، بۆ دیاریکردنی هۆکارەکان و ئاشکراکردنی ئەو کەسانەی کەمتەرخەمبوون.

هاوکات، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی نەینەوا رایگەیاند، ١٤ کەس لە خاوەن و سەرپەرشتیار و کارمەندانی ئەو هۆڵەی ئاگرەکەی تێدا کەوتەوە دەستگیرکراون بە تۆمەتی کەمتەرخەمی.













گەلەری