سەردێڕ:

ئامانجی زنجیرە سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ عێراق و ئۆکرانیا چی بوو؟

PM:09:15:26/08/2023

3724 جار خوێندراوەتەوە

لە چەند رۆژی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی عێراقی کرد و دواتریش سەردانی ئۆکرانیای کرد تاوەکو پەیوەندییە ئابوورییەکانی تورکیا بەو وڵاتانە بەهێزتر بکات.


هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێک گەیشتە عێراق و چاوی بە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کەوت و دواتر هاتە هەرێم. دوای تەواوبوونی لە سەردانەکەی بۆ عێراق گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی کۆبووەوە.

سەردانەکەی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان
هاکان فیدان چەند رۆژی ڕابردوو سەردانی عێراقی کرد و چاوی بە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە کەوت و بەپێی زانیارییەکان باسیان لە دۆسیەکانی ئاسایش و ئاو و رێگای گەشەپێدان کردووە بەڵام دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە گفتووگۆکانی هاکان فیدان و بەرپرسانی عێراقدا کاتی بۆ تەرخان نەکرا. 

پاش کۆتای هێنان بە کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە سەردانێک گەیشتە هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی چەند بابەتێکی سیاسی و سەربازی لە نێویشیاندا گرێبەستی گواستنەوەی نەوت لە ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨، بەپێی زانیارییەکانی میدیا جیهانییەکان هاکان فیدان لە سەردانەکەیدا بە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، تورکیا ئامادە نییە باجی ناکۆکیەکانی عێراق و هەرێم بدات بۆیە پێویستە هەرێم ئەو بڕە پارەیە بدات کە دادگای پاریس وەک قەرەبوو بۆ عێراقی دیاریکردووە و چونکە هەرێم سودمەندی یەکەم بووە لە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت.

 سەردانیکردنی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ ئۆکرانیا

لەپاش سەردانی کردنی هەرێمی کوردستان هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بەڕێکەوت بۆ ئۆکرانیا لە کیێڤی پایتەختی ئەو وڵاتەوە رایگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی ملیۆنان کەشتی دانەوێڵەی ئۆکرانیا کە لەلایەن روسیاوە دەستی بەسەردا گیراوە چڕتر دەکەنەوە و روسیا بەڵێنی پێداون ئەو دانەوێلەیە بگەڕینێتەوە و هەوڵەکانی تورکیاش بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی دانەوێڵە لەنێوان روسیا و ئۆکرانیادا بەردەوامە.

ئەوەشی خستەڕوو، مانگی داهاتوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەگەڵ ڤلادمیر پوتین سەرۆکی روسیادا کۆدەبێتەوە و جگە لە گفتووگۆکردن لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە چەند گرێبەستێکیش واژۆ دەکەن.

سەردانیکردنی وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان بۆ ئۆکرانیا دوو کڵێشەی جیاوازی سیاسی وەردەگرێت:

١. نێوەندگیری لەنێوان وڵاتی ئۆکرانیا و روسیا

٥٢٥ رۆژ بەسەر جەنگی ئۆکرانیا و روسیا تێدەپەڕیت ، ئۆکرانیا بەردەوام یارمەتی سەربازی وەردەگرێت لە وڵاتانی جیهانەوە و تورکیا ئامادەنییە هیچ یارمەتییەکی سەربازی ئۆکرانیا بدات، بەهۆی ئەو گرێبەستەی کە لە ساڵی ٢٠١٧ تورکیا و ڕوسیا ئەنجامیان داوە بۆ بنیادنانی وێستگەیەکی وزەی ئەتۆم لە باشووری ئامەد، بۆیە هەر هاوکارییەکی سەربازی تورکیا بۆ ئۆکرانیا تەواوی پرۆسە ئابووریەکان و سیاسیەکانی تورکیا دەخاتە بەردەم هەڕەشەی روسیا بۆیە روسیا تەنها هەوڵی نێوەندگیری دەدات.

٢. نوێ کردنەوەی گرێبەستی هەناردەکردنی دانەوێڵە

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆبونەوەکەدا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەشکرد، روسیا بەڵێنی داوە بە ئەردۆغان ئەو دانەوێڵەیە بگەڕێنێتەوە کە دەستی بەسەردا گرتووە و لە مانگی داهاتوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی شاری مۆسکۆ دەکات و لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین لەبارەی ئۆکرانیا و پەیوەندییەکانی نێوانیان گفتووگۆ دەکەن و یەکێکیش لە تەوەرەکان نوێ کردنەوەی گرێبەستی هەناردەکردنی دانەوێڵە دەبێت.













گەلەری