سەردێڕ:

داهاتی هەرێم سەرەرای زۆرییەکەی لەلایەن بەرپرسانەوە دەشاردرێتەوە

PM:10:01:21/08/2023

2580 جار خوێندراوەتەوە

زۆری داهات و شاردنەوەی لەلایەن دەسەڵاتەوە، پرسێکی گەورەی خراپی حوکمڕانییە لەهەرێمی کوردستان، کە ئەم پرسەش هەر خودی بەرپرسانی هەرێم دانی پێدا دەنێن.


ئێن ئاڕتی لە چەندین راپۆرتی بنکۆڵکاریدا زۆریی داهاتی لە هەرێمی کوردستانی ئاشکرا کردووە کە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار دەستیان بەسەردا گرتووەو نەک بۆ حزمەتگوزاری گشتی بەکاریان ناهێنن تەنانەت موچەی موچەخۆرانیشی پێنادەن.

ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان لەبارەی داهاتی خاڵەسنوریەکان و گومرگەوە بە ئێن ئاڕتی راگەیاند: داهاتی چوار دەروازەی نێودەوڵەتی هەرێم لە داهاتی ٢٢ دەروازەی ١٥ پارێزگای عێراق زیاترە.

هاوکات حکومەتی عێراق، داوای لەهەرێم کردووە، کە کامێرای چاودێری لە خاڵەسنورییەکان دابنێت، چونکە متمانەی بە راستی داتاکانی حکومەتی کاربەڕێکەر نییە.

بەپێی داتای وەزارەتی دارایی، ئێستا داهاتی مانگانەی خاڵە سنورییەکان ئەوەی کە رادەستی حکومەت دەکرێت لە نێوان ١٢٠بۆ ١٣٠ ملیار دینار دایە بەجۆرێک کە داهاتی مانگانەی پەروێزخان ١٨ بۆ ١٩ ملیار و باشماخ نۆ ملیار و حاجی ئۆمەران ٢٥ ملیار و برایم خەلیل سەروو ٥٠ ملیار دینارن، لەگەڵ سەرووی ٣٠ ملیاری دەروازە لاوەکییەکان، هەر بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی تەنها ٨٠٪ داهاتی دەروازەکان بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە و ٢٠٪ یەکێتی و پارتی دەیبەن.

لەگەڵ ئەوەشدا بە پێی سۆراغی ئێن ئاڕتی، داهاتی دەروازە سنورییەکان نزیکەی دوو هێندەی ئەو ژمارەیە کە وەزارەتی دارایی دەیخاتەڕوو، چونکە پارەی هەماهەنگی و باج و سەرانەی دەیان کۆمپانیای حزبەکانی دەسەڵات، هێندەی داهاتی گومرک، داهاتیان لەو دەروازە سنوورییانەوە دەست دەکەوێت.

بە پێی داتاکانی حکومەت، بەگشتی کۆی ئەو داهاتەی کە مانگانە حکومەت لە رێگەی داهاتی ناوخۆ و دەروازەکانەوە دەستی دەکەوێت نزیکەی ٤٠٠ ملیار دینارە، بەڵام بەپێی هەڵسەنگاندنی پسپۆڕانی و کارگێڕیی هەرێم، داهاتی دروستی مانگانە نزیکەی دوو هێندەیە، ئەوی تریان دوو حزبی دەسەڵاتدار دەستیان بەسەردا گرتووە.













گەلەری