سەردێڕ:

چین شانازی بە رێککەوتنەکەی نێوان سعودیە و ئێرانەوە دەکات

واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان سعودیە و ئێران
PM:06:38:21/08/2023

1552 جار خوێندراوەتەوە

گەورە دبلۆماتکارێکی چین رایگەیاند: هەوڵەکانمان بۆ نێوەندگیریی سعودیە و ئێران بوەتە مایەی ئاشتەوایی نێوان ئەو دوو وڵاتە و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانیەکەی حسێن ئەمیر عەبدولەحیان، جەختی لەسەر پرسی ئاشەتەوایی نێوان ئێران و سعودیە کردووەتەوە.

یی لەو پەیوەندیە تەلەفونیەدا، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بە هاوتا ئێرانیەکەی راگەیاندوە لەپای هەوڵەکانی ئەم دواییانەی ئێران و رۆشتنی خودی عەبدولەحیان بۆ بینینی محەمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودیە لە شاری جدە.

وەزیرە چینیەکە جەختیش لەوە دەکاتەوە، وڵاتەکەی ئامادەی هەر هاوکاری و نێوەندگیرییەکە بۆ بەردەوامیی پرۆسەی ئاشتەوایی و دەستگیرۆیی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەرەپێدان و بونیاتنانی زیاتر.

هەوڵەکانی نێوەندگیریی چین بۆ ئاشتکردنەوەی ئێران و سعودیە لەکاتێکدایە، ساڵانێکە ناسەقامگیریی چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە لەنێویاندا عێراق، سوریا، لوبنان، یەمەن و بەحرەین.

چاوگێکی ئاگاداری ئێرانیش لەوبارەیەوە رایگەیاند: ئایەتوڵا خامەنەیی دەیەوێت کۆتایی بەو گەمارۆ سیاسیی و ئابورییەی سەر وڵاتەکەی بێنێت کە دوای تيکچوونی دانوستانەکان لەسەر پرۆگرامە ئەتۆمیەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە سەری، هاوکات لەلایەکی تریشەوە ئەم گۆرانکاریانە پەیوەندیان بە کاڵبونەوەی متمانەی سەرانی سعودیەوە هەیە بەرامبەر ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە چەسپاندنی سەقامگیریی لە ناوچەکە،لەکاتێکدا ئێرانیەکان زیاتر لە چینیەکان نزیک دەبنەوە.

لەسەرەتای پرۆسەی ئاشتی نێوانیانەوە ئێران و سعودیە ڕێگەیان بە کردنەوەی بارەگای دبلۆماتیی یەکتر داوە لە وڵاتەکانیان، بەپێی سەرچاوەیەکی فەرمیی ئێرانیش بێت محەمەد بن سەلمان بانگهێشت نامەی وەزیری دەرەوەی ئێرانی بۆ سەردانی تاران قبوڵ کردووە.

هاوکات، وەزیرەکەی ئێران لە پەیوەندییە تەلەفوونییەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین، سوپاس و پێزانینی وڵاتەکەی بە هاوتا چینیەکەی گەیاندووە، لەپای نێوەندیگیری و هەوڵی ئاشتەوایی لە نێوان سعودیە و وڵاتەکەیدا، هاوکات عەبولەحیان هاوتا چینیەکەی لە وردەکاریی پەیوەندیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە پێشهاتەکانی دانوستانە ئەتۆمیەکانی ئێران ئاگادار کردەوە.

دانوستانەکان لەبواری بەرنامە ئەتۆمیەکانی ئێران دوو ساڵ لەمەوبەر لەلایەن یەکێتی ئەوروپا لە ڤیەننا ڕاگیران، بەڵام لەم دواییانەدا کاربەدەستانی ئێران پێنج لە گیراوانی ئەمریکا کە لە وڵاتەکەیاندا دەستبەسەر بوون گواستەوە بۆ ماڵێکی تایبەتی ژێرچاودێری و پێشبینیش دەکرێت بەم زوانە ئازاد بکرێن لەبەرامبەر گەڕاندنەوەی شەش ملیار دۆلار پارەی بلۆککراوی ئێران لە کۆریای باشور.

سەرباری هەموو ئەم پێشهاتانەش ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باس لەوە دەکات، ئەگەری ئازادکردنی زیندانیانی ئەمریکا لەلایەن تارانەوە لەگەڵ دانوستانەکانیان لەسەر پرسی بەرنامە ئەتۆمیەکانی ئێران دو پرسی تەواو جیاوازن.
H.G













گەلەری