سەردێڕ:

ناسا؛ وێنەی دیاردەی تەمەئەستێرەی بازنەیی بڵاودەکاتەوە

PM:01:06:05/08/2023

4012 جار خوێندراوەتەوە

زانایانی فەلەکناسی بە بەکارهێنانی تەلیسکۆپی ئاسمانی جەیمس وێب وێنەی دیاردەیەکی نوێی تەمەئەستێرەی بازنەییان لە بۆشاییدا بڵاوکردەوە.


ئەمڕۆ شەممە، مایک بارلۆ مامۆستای فیزیا و فەلەکناسی لە زانکۆی رۆژئاوا بۆ توێژینەوەی زانستی لە بۆشایی ئاسمان لە لەندەن بە میدیا جیهانییەکانی راگەیاند، تەلیسکۆپی ئاسمانی 'جەیمس وێب'ی ناسا وێنەی دیاردەیەکی نائاسایی تەمەئەستێرەی بازنەیی کە لە پاشماوەی ئەستێرەیەکی مردووەوە پەیدابووە و دەکەوێتە گەلە ئەستێرەی لیرا، گرتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم دیاردەیە لە ئەنجامی ئازادکردنی بەشێکی زۆر لە بارستەی پاشماوەی ئەستێرەیەکی مردووەوە پەیدا دەبێت.

فەلەکناسەکە باسی لەوەشکرد، لەوکاتەی ئەستێرە مردووەکە دەستدەکات بە ڕشتنی چینەکانی دەرەوەی بۆ بۆشایی ئاسمان، پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی ئەڵقەی درەوشاوە و فراوانبوونی هەوری گازیی لە دەوری ئەستێرەکەدا دروستدەبێت کە بە دیاردەی تەمەئەستێرەی بازنەیی ناودەبرێت.

گەلەئەستێرەی لیرا، یەکێکە لەو ٨٨ گەلەئەستێرە نوێیانەی کە لەلایەن یەکێتی فەلەکناسی نێودەوڵەتییەوە دەستنیشانکراون، لە هاوینی نیوەگۆی باکووردا بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئاسماندا دەردەکەوێت.

تەلیسکۆپی ئاسمانی جەیمس وێب، تەلیسکۆپێکی بۆشایی ئاسمانە و لە رێکەوتی ٢٥ی مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ کەوتووەتە کار و  بە تایبەتی بۆ ئەنجامدانی فەلەکناسی تیشکی ژێرسوور دروستکراوە و بەهۆی وردبینییە بەرز و هەستیارییەکانییەوە زانایانی فەلەکناسی بۆ بینینی تەنە زۆر کۆن و دورەکان بەکاریدەهێنن.













گەلەری