سەردێڕ:

ئەمەریکا رەزامەندی لەسەر دەرمانێک دا بۆ کەم کردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشی "زەهایمەر"

AM:09:12:08/07/2023

2912 جار خوێندراوەتەوە

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا لە رۆژی پێنجشەممە، رەزامەندیداوە لەسەر بەکارهێنانی دەرمانی Leqembi بۆ نەخۆشانی زەهایمەر و ئەوەش بۆ یەکەمین جارە ئەو دەرمانە بەرهەم دەهێنرێت.


رۆژى هەینی میدیاى ئەمەریکى رایانگەیاند، ئیدارەی خۆراک و دەرمان ناسراو بە FDA رەزامەندی داوە لەسەر دەرمانی Leqembi بۆ ئەوەی بەکاربهێنرێت و دەرمانەکەش دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی نیشانەکانی نەخۆشیی زەهایمەر.

کۆمپانیایی دروستکەری دەرمانەکە ناوی Eisaiیە و ژاپۆنیە و بنکەکەی لە ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکایە و ئاماژەی بەوەداوە، دەرمانیLeqembi جۆرێک لە پڕۆتینی مێشک دەکاتە ئامانج کە پێی دەوترێت Beta-amyloid، کە یەکێکە لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی نەخۆشی زەهایمەر.

لای خۆشیەوە، جۆن پایک، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی نەخۆشانى زەهایمەر رایگەیاند، چارەسەرەکە دەتوانێت کاتی زیاتر بدات بەو کەسانەی لە سەرەتای نەخۆشیەکەدان وا دەکات هاوڵاتیان کاتی زیاتر بە دەستبهێنن بۆ ناسینەوەی منداڵەکانیان و ئاماژەی بەوەشدا ستایشی پەسەندکردنی بڕیاری خستنە بەردەستى ئەو دەرمانە دەکەن.

Leqembiچۆن یارمەتی نەخۆشانی ئەلزەهایمەر دەدات؟

دەرمانەکە لەسەر شەش پۆلی بیرکردنەوە تاقیکراوەتەوە کە بیرەوەری و ئاڕاستەکردن و حوکمدان و چارەسەرکردنی کێشەکان و کاروباری کۆمەڵایەتی ماڵەوە و خولیاکان و چاودێری کەسی لە خۆگرتووە و لە تاقیکردنەوەکەدا دەرکەوتووە تەواوی ئەو کەسانەی کە نیشانەکانیان هەیە بە باشی توانیویانە کارەکانیان ئەنجامبدەن.

لە لایەکی دیکەوە ئەوەش دەرکەوتووە، دەرمانەکە کاریگەری لاوەکی هەیە لەسەر مێشک و لە ١٢%ی ئەو کەسانەی دەرمانەکەیان وەرگرتووە توشی ئاوسانی مێشک بوون و ١٧%شیان توشی خوێنبەربوونی مێشک بوون.

نەخۆشی زەهایمەر، نەخۆشییەکی کوشندەیە و پێش دۆزینەوەى ئەم دەرمانە، هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە و ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشییەکە دەبوون بە تەواوی یادەوەرییان لە دەست دەدەن و لە کۆتایشدا دەبێتە هۆی مردنی کەسەکە.













گەلەری