سەردێڕ:

دوای شکستهێنان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا؛ چارەنووسی کڵیچدارئۆغلو چی دەبێت؟

PM:07:43:31/05/2023

8468 جار خوێندراوەتەوە

وادیارە شکستی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا قورسترین پێشهات نییە کە کەمال کڵيچدارئۆغلو کاندیدی هاوپەیمانی کۆماری رووبەڕووی دەبێتەوە، بەڵام جیابوونەوەی توندی پارتی گەلی کۆماری جەهەپە، کە ئەو سەرۆکایەتی دەکات مەترسی لەسەر چارەنوسی حیزبەکەی و ژیانی سیاسی دروستکردووە.


رەجەب تەیب ئەرۆغان بۆ جاری سێهەم لەدوای یەک بووە براوەی هەڵبژاردن سەرۆکایەتی تورکیا و رێژەی ٥٢.١٥٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و لە بەرامبەردا کەمال کڵیچدارئۆغلو ٤٧.٨٤٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا واتە رکابەرییەکە بە جیاوازی ٤٪ کۆتایی هات.

ئەو کۆتاییەش لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی گەلی کۆمارییەوە قبووڵ کراو ستایشی کڵیچدارئۆغلو کرا و هەوڵەکانی بەرزراگیرا، بەڵام لەلایەن بەشێکی دیکەوە بە شکست ناویبرا.

خۆپیشاندانەکان و داواکاری دەست لەکارکێشانەوە

سەدان خۆپیشاندەر بەرەو ناوەندی پارتی گەلی کۆماری بەڕێکەوتوون و داوا دەکەن کەماڵ کڵیجدارئۆغلو لە سەرۆکایەتی ئەو پارتە سیاسیە دووربخرێتەوە، لە کاتێکدا ماوەی ١٣ ساڵە هەڵگری ئەو پۆستەیە.

بەشێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی گەلی کۆماری تۆمەتی شکستیان خستوەتە پاڵ کڵیچدارئۆغلو و محەمەد عاکف جێگری سەرۆکی حیزبەکە لە ئەستەنبوڵ، ئەویش بەهۆی شکستهێنانیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا.

محەمەد عاکف جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری لە ئەستەنبوڵ لە هەژماری تویتەری خۆیەوە رایگەیاند، ئەنجامەکە بە تەواوی شکستخواردوو بوو، سەرەڕای ئەوەی کڵیچدارئۆغلو هەوڵی زۆریدا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، بە هەمان شێوە پارتەکەیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیش شکستی هێنا.

ئاماژەی بەوەشدا، رێژەی پەرلەمانتارەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨ و رێژەی ناوەندی دەنگدان بە جەهەپە بۆ ئاستی پێش ساڵی ٢٠١١ کەم بووەتەوە و پێویست ناکات هیچ کەسێک چیرۆکی سەرکەوتن لەو ئەنجامە دروست بکات و دەشڵێت، "سەرۆک و پارتەکەشمان شکستێکی تەواویان هێنا."

جێگری سەرۆکی جەهەپە هۆکاری شکستەکەی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکە گەڕاندەوە و داوای کردبوو هەڵسەنگاندنی جدی بۆ ئەنجامەکان بکرێت ئەگەر نا داهاتوویەکی خراپتر لە ئێستا روویان لێدەکات.

پێویست بە نائومێدی ناکات

جۆرسیل ئێرۆڵ ئەندامی سەرکردایەتی جەهەپە وەکو محەمەد عاکف جێگری سەرۆکی جەهەپە بیر ناکاتەوە و دەڵێت، "کاتێک سەیری ئەنجامەکان دەکەین، پێویست ناکات لە داهاتوو بێ ئومێد بین."

ئەوەشی خستەڕوو، کڵیچدارئۆغلو هەموو هەوڵی خۆیدا لە کارکردن بۆ بونیادنانی چاکە و رۆڵی سەرسورهێنەری نواند و ئەوان سەرزەنشتی سەرۆکەکەیان ناکەن و شان بە شانی دەوەستنەوە.

کڵیچدارئۆغلو چی هەڵدەبژێرێت؟

یاوز ئاجار شیکەرەوەی سیاسی تورکیا رایگەیاند، وا پێویستە کڵیچدارئۆغلو دەست لە پۆستی سەرۆکی پارتی جەهەپە بکێشێتەوە لە هەمانکاتدا شکستهێنان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بە مانای ئەوە نایەت لە سەرۆکایەتی پارتەکەی خراپ بووە، بە تایبەتی لەو دۆخە رکابەرییەی کە تێیدایەتی، چونکە ئەردۆغان دەسەڵاتی بەسەر هەموو دەزگاکانی دەوڵەت و میدیا کاریگەرەکان هەیە.

یاز ئاجار ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە کڵیچدارئۆغلو بەرگە بگرێت لە بەرامبەر داوکارای دەست لە کارکێشانەوەی و ململانێی ناوخۆی حیزبەکەی بەهەمان ئەو شێوەیەی لە خولی یەکەم ئەنجامیدا و دەتوانێت بەرپرسیارێتی شکستەکە بخاتە سەر بوونی دزەکردنێک بۆ پارتی گەلی کۆماری لە رێکخراوی ئارگەنەکۆنەوە، ئەمەش لە دوای ئەوەی بە پەیوەندیکردن بە ئەردۆغانەوە تۆمەتباری کرد.

وتیشی، هەر ئەو رێکخراوەبوو لە ماوەی خولی دووەم ئەو پارتەی بەلاڕێدابرد بە بەکارهێنانی وتارێکی نەتەوەیی بە شێوەیەک لەگەڵ وتارێکی توندڕەودا بگونجێت و هەر ئەوەشبوو ئازادیخوازەکان و پارێزگارانی ئۆپۆزسیۆنی بێئومێدکرد.

لەوانەیە کڵیچدارئۆغلو ئەندامانی ئەو رێکخراوە لە پارتەکەی بپاڵێوێت و لەسەرووی پارتەکەی بمێنێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناکۆکییە ناوخۆییەی لە جەهەپەدا هەیە و دەکرێت ئەو ناکۆکیانە جیا بوونەوەی کاتی تێبکەوێت بەڵام ئەنجامی تەندروستی دەبێت بۆ تورکیا بە گشتی و جەهەپە بە تایبەتی.

رێکخراوی ئارگەنەکۆن چییە؟

ئەو رێکخراوەیە کە ئەردۆغان ١٠ ساڵ بەر لە ئێستا بە شوێنکەوتەی دەوڵەتی قووڵ تۆمەتباری کردن و لە چەند ئەفسەرێکی ئێلکەر باشبۆغ فەرماندەی پێشووی سوپای تورکیا و پارێزەر و رۆژنامەنووس و پارتیزان پێکدێن و لەلایەن ئەردۆغانەوە زیندانیکران.

دەوڵەتی قووڵ دەستەواژەیەکە سەرەتا لە سەدەی ١٩ لە تورکیا بەکارهاتووە بۆ دەربڕینى ئەو تۆڕ و کۆمەڵە و ئەفسەر و چەکدارانەی پارێزگاری لە عەلمانیەت و شێوازی دەوڵەتی سەردەمی کەمال ئەتاتورک دەکەن.

ئامێز عەباس













گەلەری