سەردێڕ:

بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بومەلەرزەیەک ئێستاو داهاتووی هەرێم دەگۆڕێت

وێنەی ئەرشیف لەدانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان
PM:03:30:31/05/2023

9292 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارەکەی دوێنێی دادگای فیدراڵی، پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو حکومەتی هەرێمی کردە "کاربەڕێکەر" و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمیشی بە لەکارخراو هەژمار کرد، دوای بڕیارەکەی دادگا چی روودەدات؟


دوێنێ سێ شەممە ٣٠ی ئایار و لەسەر سکاڵای سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە نادەستوریبوونی درێژکردنەوەی پەرلەمان.

دوێنێ سێ شەممە ٣٠ی ئایار و لەسەر سکاڵای سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا بە نادەستوریبوونی درێژکردنەوەی پەرلەمان و بەپێی ئەو بڕیارەش پەرلەمانی هەرێم هەر یاسایەک یان بڕیارێکی لە دوای ٩ـی ١٠ـی ٢٠٢٢ـەوە دابێت نایاساییە و بەوپێیەشی لە ٢٢ـی ٥ـی ئەمساڵ پەرلەمانی هەرێم کۆمیسیۆنی کاراکردووەتەوە کاراکردنەوەکە نایاسایی و نا دەستوورییە.

هەرێم دوای بڕیارەکەی بەغدا

حاکم شێخ لەتیف شارەزای یاسایی لەدوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەنوسێت سەبارەت بە سەرۆکی هەرێم دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگا،:" سەرۆکی هەرێم ناتوانێت ئەو دەسەڵاتی یاسا دانەی کە بڕگەی ٥ ی مادەی ۱٠ لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بەکار بهێنیت کە دەڵێت (ئەگەر هەرێمی کوردستان و سیستەمە سیاسیەکەی بکەونە مەترسییەوە هەڕەشە لە بوونی بکەن و پەرلەمان نەتوانێت کۆ ببیتەوە، سەرۆکی هەرێم بە ڕاوێژ لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بڕیار دەربکات کە هێزی یاساییان هەیە، چونکە ئەو دەقە بۆ حاڵەتێکە کە پەرلەمان بوونی هەبێت و نەتوانێ کۆببێتەوە، نەک هەڵوەشابێتەوە وەک ئەوەی ئێستا وای لێهاتووەو سەرۆکی پەرلەمانیش وجودی نەماوە.

لەبارەی حکومەتی هەرێمیش نوسیویەتی:"حکومەتی هەرێم دەبێت بەکاربەڕێکەر چونکە حکومەت لە ۳ حاڵەتدا دەبێت بەکاربەڕێکەر یەکەم : تەواو بوونی ماوەی یاسایی خولی پەرلەمان.

دووەم : هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.

سێیەم :- لێسەندنەوەی متمانە لە حکومەت لە پەرلەمانەوە تا متمانەدان بە حکومەتی نوێ.

 

کێ بەڕێوەی دەبات؟

ئەمڕۆ چوارشەممە، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکدا بە دیجتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی راگەیاند،" تا ئێستا بەفەرمی داوامان لێنەکراوە هەڵبژاردنی هەرێم بەڕێوەببەین"

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر نوسرایان پێبگات بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم ئەنجومەنی کۆمیسیارانی عێراق خوێندنەوەی تەواو بۆ کارەکانی دەکات ودواتر بڕیار دەدات هەڵبژاردنەکانی هەرێم بەڕێوەبەرێت.

پێشتر دادگای فیدراڵی عێراقی لەسەر داوای نەوەی نوێ بڕیاریدابوو دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن بەتەنها لەلای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم نابێت و لەدانیشتنی سەرەتای مانگی ئایاریشدا دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە نوسراوی ئاراستەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد .

سروە عەبدولواحید سەرۆکی فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی ئەوەی بۆ روون بوو کە بە نادەستووری ناساندنی درێژ کردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم هەڵدەوەشێنرێتەوە، هەر بۆیە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێم دەربڕی.

هەڵبژاردن کەی دەکرێت؟

بەپێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکی هەرێم پابەندە لە ماوەی ١٥ رۆژ لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکات و دەبێت لەماوەی ٦٠ رۆژدا هەڵبژاردنەکە بەڕێوە بچێت.

ئیسماعیل نامیق شارەزای دەستوری بە دیجتاڵ میدیای ئێن ئاڕتی راگەیاند،" بەپێی یاسا دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی ٧٥ رۆژدا بەڕێوە بچێت".

بەڵام جومانە غەلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ دیجتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ئەوەی خستەڕوو پێویستیان بە ماوەی شەش مانگ هەیە بۆ ئامادەکاری بەرێوەبردنی هەر هەڵبژاردنێک کەبەڕێوە بچێت.

چاوگێک لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دەبێت سەرۆکی هەرێم داوا لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم و دواتر بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەوان و دوای راوێژ لەگەڵ حزبە سیاسیەکاندا وادەی هەڵبژاردن دیاری بکات.

بەكام یاسا هەڵبژاردن دەكرێت؟

دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی کە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندوەتەوە بەبێ ئەوەی پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنی هەمواركردبێتەوە، ئیتر دەبێت بۆ سازدانی هەڵبژاردن پەنا بۆ یاسا كۆنەكەی هەڵبژاردن ببرێت، كە یاساكە بەشێوازی (یەك بازنە)ییە و ژمارەی کورسی کۆتاکانیش کەخاڵی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی بوو لەچەند مانگی رابردوودا وەک خۆی دەمێنێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێکەوتی ٩ی ١٠ی ٢٠٢٢ بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ وەرزێکی دیکەی یاسادانان درێژکرایەوە و سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمان رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نایاساییە.

هەروەها، لە ١٢ی ١٠ی ٢٠٢٢ فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، لە دادگای فیدڕاڵی عێراق سکاڵای یاسایی لەسەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم تۆمارکرد.













گەلەری