سەردێڕ:

تورکیا لەنێوان گۆڕانکارییە ئابورییەکان و ئاڵنگارییەکانی هەڵبژاردن

PM:11:45:27/05/2023

2596 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی ئامارێکی پێگەی The World Bank تورکیا لە ریزبەندی ئابوری وڵاتاندا، بە ١٩ مین وڵات دادەنرێت کە خاوەنی ئابورییەکی بەهێزە، ئەندامە لە هەریەکە لە ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری، کۆڕبەندی هاوکاری ئابوری نێودەوڵەتی 'جی ٢٠'، یەکێکە لە ئەندامە گرنگەکانی هاوپەیمانێتی باکوری ئەتڵەسی 'ناتۆ'.


بە تەنها داهاتی ناوخۆی بە ٩٠٦ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، 30مین وڵاتە هەناردەکاری جیهانە تەنها لە ساڵی ٢٠٢٠ بەرێژەی ١٦٩ ملیار دۆلار شتومەکی هەناردەی دەرەوەی وڵات کردووە، جگە لە هەناردەی نەوت وگازی سروشتی.

ئابوری تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە تاوەکو ساڵی ٢٠١٧ ساڵی گەشەسەندنی ئابورییەکەی بوو، بوو بە یەکێک لەو وڵاتانەی رێژەی داهات تێیدا زیادی کرد و رێژەی هەژاریش کەمیکرد، بەشێوەیەک ئەو کەسانەی داهاتی رۆژانەیان نزیکەی ٦ دۆلار بوو بەرزبووەوە بۆ ٩ دۆلار، بەڵام لە دوای مانگی ئابی ٢٠١٨ ەوە ئابوری تورکیا رووی لەلاوازی کردووە و رێژەی بێکاری زیادی کردووە و هەڵاوسان و کورتهێنان بەرۆکی بودجەی وڵاتەکەی گرتووە، بومەلەرزە بەهێزەکەی مانگی شوبات جارێکی دیکە زیانێکی گەورەی بە ئابوری تورکیا گەیاند، ئەو ناوچانەی بومەلەرزەکە تێیدا روویدا، نزیکەی ٪١٦ ئابوری تورکیا پێکدەهێنن، سەرباری ئەوانەش پێشبینی دەکرێت ئابوری تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ دا روو لە گەشەندن بکاتەوە.

تورکیا بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە کە بەشێکی دەکەوێتە کیشوەری ئەوروپا و بەشەکەی دیکەی دەکەوێتە ئاسیاوە هەندێجار پرد و هەندێکجار بەربەست بووە لەنێوان وڵاتانی رۆژئاوا و ئاسیا، سەنتەرێکی بازرگانی گرنگە لەنێوان ئاسیا و ئەوروپادا، تورکیا لە باکورەوە بە دەریای ڕەش و لە باکوری ڕۆژهەڵاتەوە بە جۆرجیا و ئەرمینیا و لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ئازەربایجان و ئێران و لە باشوری ڕۆژهەڵاتیشەوە بە عێراق و سوریا و لە باشووری ڕۆژئاوا و ڕۆژئاوا بە دەریای ناوەڕاست و دەریای ئیجە و لە باکووری ڕۆژئاوا لەلایەن یۆنان و بولگاریا بەستراوەتەوە، ئەنقەرە گەورەترین شاری تورکیایە و ئەستەنبوڵیش گەورەترین بەندەری دەریاییە.

تورکیا لە شەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیادا

سەرەرای ئەوەی تورکیا یەکێکە لە وڵاتە بەهێزەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ و ئەو هاوپەیمانێتیە بە تەواوی دژی داگیرکارییەکانی روسیا بوون لە ئۆکرانیا، بەڵام هەڵوێستی تورکیا جیاواز دەرکەوت لە سەرەتای جەنگی ئۆکرانیا و روسیا، تورکیا زیاتر رۆڵی ناوبژیوانی بینیوە، لە هەندێ حاڵەتیشدا بە ناراستەوخۆ لە بەرژەوەندی روسیا هەندێک بڕیاری داوە، لەوانە، دژایەتی کردنی بە ئەندامبوونی هەردوو وڵات ( فینلاند و سوێد) لە هاوپەیمانێتی ناتۆ، بەبیانووی ئەوەی پاڵپشتی ئەندامانی پەکەکە دەکرێت لەو دوو وڵاتە، بەڵام چاودێرانی سیاسی بەشێک لە هۆکارەکەیان بۆ روسیا گەڕاندەوە چونکە روسیا نەیدەویست ناتۆ لەوە زیاتر بەهێزتر بێت ببێتە مەترسی لەسەری، هەر لە سەرەتای شەرەکانیشدا ئەنقەرە دەرگای دانوستانی بۆ بەرپرسانی ئۆکرانیا و روسیا واڵا کرد و بەرپرسانی دوو وڵاتەکەی لە ئەستەنبوڵ و ئەنتاڵیا کۆکردەوە، لە سەرەتای ئەمساڵیشدا ئەردۆغان سەبارەت بە هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا بۆ وڵاتانی جیهان وتی، پۆتین رازی نیە بە هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا بۆ وڵاتانی جیهان بەڵام من رازیم کردووە لەرێگەی تورکیا گەنمی ئۆکرانی ئاراستەی وڵاتانی جیهان بکرێت.

بەڵێنی دوو کاندیدەکەی سەرۆککۆمار بۆ تورکەکان چییە؟

لە پاش ئاشکراکردنی ئەنجامەکانی خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆککۆمار و بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بانگەشەکان گەرموگوڕتر ببوون، هەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کلیچدارئۆغلو بە بەڵێنەکانیان درێژەیان بە بانگەشەدا تاوەکو ئەمشەو لە کاتژمێر حەوت سەرجەم چالاکی و بانگەشەکان کۆتاییان پێهات، لەماوەی بانگەشەدا هەردوو کاندیدەکە لە بوارەکانی ئابوری و سیاسی چەندین بەڵێنی جیاوازییان بە گەلەکەیان دا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبونەوەیەکدا لە شاری بورسە رایگەیاند، "کاتێک کار لە پرۆژە تازەکاندا دەکەین، دۆخی بازاڕ پشتگوێ ناخەین. پێداگرین لەسەر دابەزاندنی ئەو هەڵاوسانەی خەڵکی ئێمەی زەرەرمەند کردووە."

ئەردۆغان بەردەوام لە وتارەکانیدا، بەڵێنی چارەسەری ئەو هەڵاوسانە ئابورییانەی داوە بە گەلەکەی و لەرووی سیاسیشەوە بەردەوام جەختیکردووەتەوە، کە سنورەکانیان دەپارێزن و شەڕ لە دژی تیرۆریستان بەردەوامی پێدەدەن، بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و پاراستنی هاوڵاتی تورکی لە هەر شوێنێک بێت.

هاوکات، کلیچدارئۆغلوش لە کاتی بانگەشەکاندا چەندین کۆبونەوەی جەماوەریی لە چەند شارێکی جیاواز ئەنجامدا و بەڵێنی جیاوازی بەیان کرد، لە کۆبونەوەیەکی لە شاری قارسی باکوری کوردستانەوە رایگەیاند، شارەکانی قارس و ئەرزڕۆم و ئیدر و ئاردەهان وەکو هەرێمی ئابوریی تایبەت رادەگەیەنین.

زۆرینەی هاوڵاتییە تورکەکان، بە پرسی ئەو رێژە زۆرەی پەنابەران لە وڵاتەکەیان نیگەران بوون، بۆیە ئەم پرسە بووە بابەتێکی گەرم لە ململانێی نێوان ئەردۆغان وکلیچدارئۆغلودا، هەرچی ئەردۆغانە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ مانەوەی پەنابەران بوو لە وڵاتەکەدا بە تایبەت ئەو پەنابەرانەی هاوڵاتیی سوری بوون، بە 'براکانمان' ناوی دەبردن و لەبارەیانەوە دەیوت،" ئەوان برامانن و هاوئاینمانن لە ئێستادا لە دۆخێکی خراپدان پێویستە هاوکارییان بکەین." بەڵام گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکان بۆچوونی ئەردۆغانی گۆڕی بە تایبەت دوای ئەوەی مەرجی سینان ئۆغان بۆ پاڵپشتیکردنی ئەردۆغان ئەوەبوو، پەنابەران رەوانەی وڵاتەکەیان بکاتەوە، ئەردۆغان لەپاش کۆبونەوەکەی لەگەڵ سینان وتی، هەنگاو بە هەنگاو پەنابەران رەوانەی وڵاتەکانیان دەکەنەوە

سەبارەت بە هەڵوێستی کلیچدارئۆغلو لەبارەی پەنابەرانەوە، هەر لە سەرەتای بانگەشەکانەوە رایگەیاندبوو، ئەگەر لە داهاتوو ببێتە سەرۆککۆمار ئەوا پەنابەران رەوانەی وڵاتەکەیان دەکاتەوە.

ئامادەکردنی - دیار جەمیل













گەلەری