سەردێڕ:

سینان ئۆغان بۆچی 'کورد و کەمال کڵیچدارئۆغلو'ی هەڵنەبژارد؟

PM:07:13:23/05/2023

16704 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی ئێوارەی رۆژى دووشەممە ٢٢ى ئایارى ٢٠٢٣، سینان ئۆغان کاندیدی هاوپەیمانێتی 'ئاتا' پشتیوانی بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان کاندیدى هاوپەیمانى کۆمارى دەربڕی، بەهۆکاری ئەوەی کەمال کڵیچدارئۆغلو پاڵپشتی لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان کردووە، ئەم بڕیارەی سینان کاریگەری لەسەر دەنگەکانی ئەردۆغان دەبێت لە هەڵبژاردنەکەی ٢٨ی مانگی سەرۆکایەتی تورکیا و ئەرکی کەمال کڵیچدارئۆغلو قورستر دەکات.


پێشبینی دەکرێت بەم بانگەشەیەی سینان بۆ ئەردۆغان گرفت لەبەردەم خەونەکانی کڵیچدارئۆغلو درووست بکات، چونکە ئەردۆغان رکابەرێکی سەرسەختە و کۆڵ نادات و شکست پێهێنانی قورستر بووە

بەڵام هەڵوێستەکەی سینانیش یەکلایی کەرەوە نیە، چونکە هەر لە سەرەتای راگەیاندنی دەستپێکردنی بانگەشە بۆ هەردوو کاندیدەکەی سەرۆکایەتی تورکیا، کەمال کڵیچدارئۆغلو تەواوی تیمی بانگەشەکەی گۆڕی و شێواز و پلانی بەشداری کردنی گۆڕانکاری تێدا کردن، بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیا تورکییەکان بڵاوکراونەتەوە، کڵیچدارئۆغلۆ دەیەوێت دوایین ئاڵنگاری خۆی بە سەرکەوتووانە بکات.

سینان ئۆغان کێیە؟ بۆچی ئەردۆغانی هەڵبژارد؟

سینان ئۆغان لە ساڵی ١٩٦٧ لە شاری ئیدری باکووری کوردستان لە خێزانێكی جوتیار لە دایک بووە، بە رەگەز ئازەرییە، ژیانێكی سەختی بەڕێكردووە و چەندین كاری كردووە تاکو خوێندنی تەواو كردووە.

پێشووتر نوێنەری هاوڵاتییانی شاری ئیدر بووە لەسەر لیستی پارتى نەتەوە پەرست مەهەپە، "کە ئەم حزبە، لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە دا هاوپەیمانی ئاکپارتی و نزیک لە ئەردۆغان بوو".

سینان ئۆغانى تەمەن ٥٦ ساڵ، خێزاندارە و باوكی دوو كوڕە، هەگبە زانستی و رۆشنبیرییەكەی پڕە لە دەستكەوتی زۆر، خاوەنی سێ كتێبی چاپ كراوە و زیاتر لە ٥٠٠ وتار و خوێندن و شیكاریی نووسیووە.

دەرچووی زانكۆی مەڕمەڕەیە بەشی كارگێڕی و بازرگانی، پاشان بڕوانامەی ماستەری لە بەشی بانكی دا تەواو كردووە، دواتر دكتۆرای لە زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی پەیوەندییەكانی مۆسكۆ بەدەستهێناوە.

سینان ئۆغان، جگە لە توركی زمانەكانی ئینگلیزی و روسی دەزانێت، وەك توێژەرێك لە چەندین ناوەندی توركی كاری كردووە و زۆربەی لێكۆڵینەوەكانیشی پەیوەست بوون بە ناسیۆنالیستی توركییەوە، بە توێژینەوەكانی خزمەتی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا مەهەپەى كردووە و لە ساڵی ٢٠١١ەوە لەناو ئەو بزوتنەوەیەوە دەستی بە كاری سیاسی كردووە و وەك نوێنەری ویلایەتی ئیدر بە پەرلەمانتار هەڵبژێر دراوە.

ئۆغان سەرەتا پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ دەوڵەت باهچەلی سەرۆكی پارتى نەتەوە پەرست هەبوو، كە تاکو ساڵی ٢٠١٥ بەردەوام بوو، بەڵام دوای ئەوەی باهچەلی پشتیوانی لە سیاسەتەكانی ئەردۆغان كرد، ئۆغان پەیوەندی بە كەسایەتییە ناسیۆنالیستەكانی دیكەوە كرد.

هەندێك دەڵێن سینان بە مەرجی ئەوەی ئەردۆغان دەستبەرداری هوداپار بێت كە پارتێكی ئیسلامی كوردییە و لەم هەڵبژاردنەدا پشتیوانی ئەردۆغانی كرد و ٣%ی دەنگەكانی هەدەپەی برد، دەنگى بە ئەردۆغان داوە.

پێشتر وا بڵاوکرایەوە سینان ئۆغان ئامادەیە دەنگ بە كەمال كڵیچدارئۆغلو بدات، بەڵام بە مەرجی ئەوەی پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپە كە ٨%ى دەنگەكانی توركیای بە دەست هێناوە لە پڕۆسەی سیاسی توركیا دوور بخاتەوە، بەڵام دواتر سینان ئەم دەنگۆیەی رەتكردەوە.

سەربارى ئەوەى بە رەچەڵک لە دایک و باوکێکى کوردى ئازەریی هاتووەتە دنیاوە، بەڵام سینان ئۆغان بەهۆی ئەوەی کەسێکی راست رەوە و بیروبۆچوونی لەگەڵ تورکە نەتەوەپەرستەکان نزیکە، باوەڕی بەوەیە کە دۆسییەی کورد لە تورکیا بە سیاسی کراوە و وەکو خۆیان دەڵێن 'تیرۆریستان' کە مەبەست لێی هێزەکانی پەکەکەیە دژایەتی ئەزمونی تورکیا دەکەن، ئۆغانیش هاوشێوەی نەتەوەپەرستەکانی دیکە باوەڕی بە سیاسەتی شارستانیانەی هەدەپە نیە چونکە لە کۆتاییدا پێی وایە ئەمانیش شوێنکەوتووی ئایدۆلۆژیای پەکەکەن، سەبارەت بە رەتکردنەوەی پشتیوانی لە کەمال کلیچدارئۆغلو سینان ئۆغان سڵ لە کەمال دەکاتەوە بەوەی لەم دواییانەدا لەگەڵ دۆزی کورد نەرمی نواندووە و پەیامەکەی دەمیرتاشیش لە زیندانەوە کە وتی' دەنگی من بۆ کلیچدار ئۆغڵو'یە نەتەوەپەرستەکانی لە کەمال کلیچدارئۆغلو نیگەران کرد، تاکە خاڵی هاوبەشی سینان و کەمالیش دۆسیەی ناردنەوەی پەنابەران بە تایبەت پەنابەرانی سوری بوون بۆ وڵاتی خۆیان، بۆیە ئەردۆغان ئەم خاڵە هاوبەشەشی لەناوبرد و بەڵێنی بە سینان داوە هەنگاو بە هەنگاو پەنابەران رەوانەی وڵاتەکەیان بکاتەوە.

سینان ئۆغان و دۆسیەى پەنابەران!

سینان ئۆغان، دیارترین سیاسی توركیایە كە دژی پەنابەرە سورییەكانە و پێداگرە لەسەر ئەوەی كە بە زوویی رەوانەی سوریا بكرێنەوە، خاڵێكی دیكەشی دژایەتی ئاشكرای ئەو هێزانەیە كە بە پشتیوانی پە*كە*كە تۆمەتبار دەكرێن، كە مەبەست لە پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپەیە.

فاکت

هاوپەیمانی "ئاتا"

پارتەکانی ناو هاوپەیمانییەکە

یەکەم: پارتی زەفەر، پارتێکی سیاسی راست رەوی کەمالییە و دژی کۆچبەرانن لە تورکیا و لە ساڵی ٢٠٢١ دامەزراوە.

دووەم: پارتی قەویم، رەفعەت سەردارئۆغڵو وەزیری پێشووتری تەندروستی دایمەزراندووە لە ساڵی ٢٠٠٧ و بەشێک بووە لە پارتی داد و گەشەپێدان.

سێهەم: پارتی داد کە پارتێکی پارێزگاری و لیبڕاڵییە و بانگەشە بۆ کەمالیەت و سیستمی پەرلەمانی دەکەن.

پارتی بەلەد

ئەم پارتە هیچ هاوپەیمانییەکی پێکنەهێناوە و کاندیدی سەرۆکایەتییەکەی موحەڕەم ئینجەیە کە ئەویش کشانەوەی خۆی لە کاندید بوونی سەرۆکایەتی راگەیاند.

پارتەکە داوای سەروەری یاسا و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و یەکسانی و خۆش گوزەرانی و دابەش کردنی داد پەروەرانەی سەروەت و سامان و گەشە سەندنی ئابووری بەردەوام و گەیشتن بە ئاستی شارستانیەتی هاوچەرخ دەکات.

سەرۆکی پارتەکە، موحەڕەم ئینجە تەمەنی ٥٦ ساڵە و لە رابردوودا مامۆستای وانەبێژ بووە و بە درێژای ١٦ ساڵ رکابەری ئەردۆغانی دەکرد و لە ساڵی ٢٠١٨ش کاندیدی سەرۆکایەتی بووە.

سینان ئۆغان دەنگی یەکلاکەرەوەیە؟

ئەوەی دەنگی یەکلاکەرەوەیە سینان ئۆغان نیە، چونکە لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکان نزیکەی ١١ ملیۆن کەس بەشدارییان لە دەنگدان نەکرد، کۆی ئەو دەنگانەی سینانیش نوێنەرایەتی دەکات بریتیە لە دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دەنگ، بۆیە کلیچدارئۆغلو پاش ئەوەی لە سینان بێ ئومێد بوو لە ئێستادا چاوەڕێی بەشداری کردنی ئەو کەسانەیە بایکۆتی دەنگدانیان کردبوو کە نزیکەی هەشت ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دەنگە، بەراورد بە گەڕی یەکەم، ئەگەر کلیچدار نیوەی دەنگی ئەو کەسانە بەدەستبهێنێت کە بایکۆتییان کردبوو لە گەڕی یەکەم، ئەوا دەتوانێت شکست بە ئەردۆغان بهێنێت.

ئەمانەش ئەوە دەردەخەن، کە ئەردۆغان بە دەنگی سینان ئۆغان ناتوانێت شکست بە کەمال کلیچدارئۆغلو بهێنێت ئەگەر کەمال بتوانێت ئەو دەنگانە لە دەوروبەری خۆی کۆبکاتەوە، کە پێشووتر بایکۆتی دەنگدانیان کردبوو.

راپۆرتی - دانیار فاروق - دیار جەمیل












گەلەری