سەردێڕ:

کەنەدا دیپلۆماتکارێکی چینی لە وڵاتەکەى دەرکرد

PM:06:09:09/05/2023

1496 جار خوێندراوەتەوە

لە بەرامبەر بە ئامانجگرتنی یاسادانەرێکی کەنەدی لەلایەن باڵیۆزخانەی چینەوە لە ئۆتاوا، کەنەدا دیپلۆماتکارێکی ئەو وڵاتەی دەرکرد.


بە گوێرەی راپۆرتێکی هەواڵگری، بەهۆی رەخنەگرتنی یاسادانەرێکی کەنەدییەوە لە چۆنییەتی مامەڵەکردنی حکومەتی چین لەگەڵ موسڵمانانی ئیگۆر لەو وڵاتە، باڵیۆزخانەی چین هەوڵیداوە خانەوادەی ئەو یاسادانەرە لە هۆنگ کۆنگ بە ئامانج بگرێت.

لایخۆیەوە، میڵەنی جۆلی وەزیری دەرەوەی کەنەدا بە ئاژانسى رۆیتەرزى راگەیاند، "رێگە بەهیچ دەستتێوەردانێکی دەرەکی نادەین."

ئاژانسى رۆیتەرز بڵاویکردەوە، حکومەتی کەنەدا ژاو ویی دیپلۆماتکاری چینی کە لە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە ئۆتاوا کاریکردووە، لە بەرامبەر بە ئامانج گرتنی یاسادانەرە کەنەدییەکە لەلایەن باڵیۆزخانەی چینەوە لە کەنەدا، دەرکردووە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشداوە، دەرکردنی ژاو ویی دیپلۆماتکاری چینی، رەنگە پەیوەندییەکانی نێوان کەنەدا و چین خراپتر بکات و ببێتە هۆی ئەوەی چین کە دووەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانی کەنەدایە، وەڵامى لەبەرامبەر دەرکردنى دیپلۆماتکارەکەى وڵاتەکەى هەبێت.

ئاژانسەکە راشیگەیاندوە، باڵیۆزخانەی چین لە ئۆتاوا، سەرکۆنەی دەرکردنەکەی کردوە و بەفەرمی ناڕەزایی خۆی بۆ حکومەتی کەنەدا دەربڕیووە.

وتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە کەنەدا بە رۆیتەرزى وتووە، "چین بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە رێوشوێنی پێچەوانە دەگرێتەبەر."

دەزگای سیخوڕی و هەواڵگری ئاسایشی کەنەدا لە ساڵی ٢٠٢١دا راپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تیایدا باسی لە کاریگەریی چین کردووە لە کەنەدا، هەروەها باس لەچەند زانیارییەک دەکات لەبارەى ئەگەری هەبوونی مەترسی لەسەر مایکڵ چۆنگ-ی ئەندام پەرلەمان و خێزانەکەی.

دوای راگەیاندنەکە، چۆنگ بە رۆژنامەنووسانی وت "نەدەبوو حکومەت دوو ساڵی پێبچێت تاوەکو ئەم بڕیارە بدات."

حکومەتى چین ئاماژەی بەوەداوە، "هەرگیز دەستی وەرنەداوەتە کاروباری ناوخۆی کەنەداوە و هیچ بەرژەوەندییەکیشی لەو کارەدا نیە".

هاوکات، کونسوڵخانەی گشتی چین لە تۆرنتۆ، ئەوەشی خستووەتەڕوو، "راپۆرتەکەی سەر چۆنگ، هیچ بنەمایەکی راستی تێدانیە."

وردەکارییەکان لەبارەى راپۆرتەکە لە ١ی ئەم مانگە دەرکەوتن، کاتێک رۆژنامەی گڵۆبی ئەمریکی و دەیلی مەیڵی بەریتانی بڵاویانکردەوە، چین هەوڵی دەستکەوتنی زانیاریداوە لەسەر چۆنگ و خێزانەکەی لە چین، ئەوەش بەمەبەستی ئەوەی بیکات بەنموونەیەک و رێگریبکات لەوانی دیکەش کە هەڵوێستی دژ بەحکومەتی چینییان هەیە.

رۆژنامەی گڵۆب، لەزاری چاوگێک لە ئاسایشی نیشتیمانی بڵاویکردەوە، کە ئامادە نەبووە ناسنامەکەی ئاشکرا بکرێت، ژاو دەستی هەبووە لەکۆکردنەوەی زانیارییدا لەبارەى چۆنگ، ناوبراو لەساڵی ٢٠٢١دا سپۆنسەری پڕۆژە بڕیارێکی سەرکەوتوی کرد کە تیایدا مامەڵەکردنی چینی لەگەڵ کەمینە موسوڵمانەکانی ئیوگۆردا بەکۆمەڵکوژی ناساند.

چۆنگ وتی، "زۆر نائومێد بووە کاتێک لە رۆژنامەیەکەوە زانیویەتی کە مەترسی هەیە لەسەر ژیانی خێزانەکەی لە هۆنگ کۆنگ، هەروەها رەخنەی لە حکومەتەکەی جەستن ترودۆ گرت لەسەر ئەوەی هیچ کارێکیان نەکردووە، چۆنگ لەدوای راپۆرتەکەی گڵۆبەوە چەندجارێک داوای دەرکردنی ژاو دیپلۆماتکارە چینییەکەى کردووە.

لایخۆیەوە، جەستن ترودۆ سەرۆکوەزیرانى کەنەدا وتی، لە رۆژنامەکانەوە بە راپۆرتە هەواڵگرییەکەی زانیوە، هاوکات لۆمەی دەزگای سیخوڕی کەنەدای کرد لەسەر ئەوەی لەو کاتەدا راپۆرتە هەواڵگرییەکەی پێڕانەگەیاندووە.

ئێستا دەزگاکە فەرمانی پێکراوە دەستبەجێ زانیارییەکان لەبارەى هەڕەشەکانی سەر ئەندامانی پەرلەمان و خێزانەکانیان بە حکومەت رابگەیەنێت.

گرژییەکانی نێوان کەنەدا و چین هێشتا لە ئاستێکی بەرزدان، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لەساڵی ٢٠١٨، مێنگ وانژو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای هواوی تەکنەلۆجیس، لە کەنەدا دەستگیرکراو لەبەرامبەریشدا چین دوو هاوڵاتی کەنەدی بەتۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیرکرد، هەر سێ دەستگیرکراوەکە لەساڵی ٢٠٢١ ئازاد کران.

دانیار فاروق













گەلەری