سەردێڕ:

لیژنەی وزە لە پەرلەمانی عێراق دڵنیایی دەدات لە بەرهەمهێنانی غاز و گەیشتن بە خۆبژێوی

PM:11:57:13/04/2023

3240 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دڵنیاییدا لە گەیشتنی چوار کۆمپانیایی بەرهەمهێنانی غاز بۆ عێراق و بەوەش وەبەرهێنانی غاز بە رێژەی لە ٪٣٠ دەستپێدەکات.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەو هەوڵانەی وەزارەتی نەوت بۆ بەرهەمهێنانی غاز و سود وەرگرتن لێی لە وێستگە کارەبایەکاندا، چوار کۆمپانیای بەرهەمهێنانی غاز هاتونەتە ناو عێراق و غاز بەرهەم دەهێنن.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا لە عێراق سێ کێڵگە هەیە بۆ وەبەرهێنانی غاز لە دیالە و ئەنبار و ناوچە سنوورییەکانی ئێران- عێراق.

وتیشی، عێراق لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا عێراق دەگاتە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی غازدا.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٢٩ی ئازار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، دەستکراوە بە بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی عەکاز لە پارێزگای ئەنبار و رۆژانە غاز بەرهەمدەهێندرێت.

سەرەڕای ئەوەی عێراق وڵاتێکی نەوتییە و خاوەنی کێڵگەی غازە، بەڵام هەتا ئێستا نەیتوانیوە ئەو غازەی خاوەنیەتی بەرهەمبهێنێت بەهۆی ئەو گرێبەستانەی لە رابردوودا ئەنجامی داون و پێداویستییەکانی غازی لە وڵاتی ئێران پڕ دەکاتەوە.

عێراق لە ریزی ئەو نۆ وڵاتەیە کە بەرپرسن لە زۆرینەی سووتانی غاز کە نزیکەی نیوەی بەرهەمهێنانی نەوتی جیهان پێکدەهێنێت و بەگوێرەی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی، عێراق دووەم وڵاتی جیهانە کە زۆرترین غازی تێدا بەهەدەر دەڕوات دوای روسیا، لە ساڵی ٢٠٢٠دا قەبارەی غازی سووتاوی عێراق گەیشتووەتە ١٧ ملیۆن و ٣٧٤ هەزار مەتر سێجا.













گەلەری

‌بەپەلە