سەردێڕ:

جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق پێشبینییەکی لەبارەی نرخی دۆلارەوە بڵاوکردەوە

PM:11:43:04/04/2023

69680 جار خوێندراوەتەوە

جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، رێکارەکانی بانکی ناوەندی جێگای گرتووە و پێشبینیدەکات دۆلار زیاتر بەهاکەی لەدەستبدات.


عەمار خەڵەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، دابەزینی ئەم دواییەی بەهای دۆلار کاری کاتژمێرێک نییە، بەڵکو بەهۆی ئەو رێکارانەوەیە کە لە ماوەی رابردوودا بانکی ناوەندی عێراق گرتوویەتیەبەر تا بەهای دۆلار دابەزێت و لە لایەن بازاڕ و بازرگانانەوە وەڵامێکی باش دراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بانکی ناوەندی عێراق رۆژانە زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە و ئەوەش پێداویستی بازاڕ و بازرگانان پڕ دەکاتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراق ١٨٤ ملیۆن دۆلاری خستەروو بەوەش بەهای دۆلار بۆ ١٥٠ هەزار بەرزبووە.

عەمار خەلەف دەڵێت، پێشبینیدەکەن ئەگەر کەرتەکان و بازرگانان پابەندی رێکارەکانی بانکی ناوەندیبن، ئەوا بەهای دۆلار زیاتر دادەبەزێت.

هاوکات راوێژکارێکی سیاسی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە دوای جەژنەوە بەهای یەک دۆلار لە بازاڕەكان دەگاتە نزیكەی هەزار و ٣٠٠ دینار بەوەش تەواو نزیک دەبێتەوە لە بەهای فەرمی دۆلار.













گەلەری