میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردەوە، ئاهەنگی هاوسەرگیری خاوەنی کۆمپانیای ئەمەزۆن نزیکەی ٥٥ ملیۆن دۆلاری تێدەچێت و بە یەکێک لە گرانترین هاوسەرگیرییەکانی جیهان دەناسرێت.
ئەمڕۆ هەینی ٢٧ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی جێف بێزۆس، ملیاردێر و خاوەنی ئەمەزۆن، لەگەڵ لۆرێن سانچێزی هاوسەری، میدیا جیهانییەکانی تەنیوە و دەڵێن، خاوەنی ئەمەزۆن بۆ ئەو ئاهەنگە بەشێک لە شارێکی ئیتاڵیای بە کرێ گرتووە و ئاهەنگەکە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
میدیا
جیهانییەکان وتیشیان، ئەم ئاهەنگە دەبێتە یەکێک لە گرانترین بۆنە تایبەتەکان لە
جیهاندا و سەرۆکی هەرێمی ڤێنیتۆ، لوکا زایا، کۆی تێچووی ئاهەنگەکەی لە نێوان ٤٦ بۆ
٥٥ ملیۆن دۆلار خەمڵاندووە.
پێشبینی دەکەن،
ئاهەنگە سەرەکییەکە رۆژی شەممە لە ناو ئارسناڵ بەڕێوەبچێت، کە ناوچەیەکی قەڵادارە
لە سەدەی پازدەهەمدا و لە سەردەمی کۆماری ڤێنیزدا بۆ درووستکردنی کەشتی جەنگی بەکارهاتووە.
دەشڵێن، لە رۆژی سێشەممەی رابردووەوە فڕۆکە تایبەتەکانی خاوەنی ئەمازۆن، بە مەبەستی
گواستنەوەی میوانەکان، گەیشتنە فڕۆکەخانەی ڤێنیز و ترێڤیسۆ و ڤێرۆنا و دەستیان بە
گەیشتنیان کرد، پێشبینیش دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ٩٠ فڕۆکەی دیکە بگاتە
فڕۆکەخانەکان.
هەروەها، پێنج
لە بەناوبانگترین هۆتێلەکانی ڤێنیز گیراون بۆ ئەوەی لە نێوان ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ میوان
میوانداری بکەن و نزیکەی ٣٠ کەشتی لە کۆمپانیا جیاوازەکانەوە ئامادەکراون بۆ
گواستنەوەی میوانەکان بە رێگەی ئاوی بۆ شوێنەکانی ئاهەنگگێڕان.
باسیان
لەوەشکرد، پێشبینی دەکەن چەندین هۆتێل بەتایبەت بۆ ئەو ئاهەنگە ئامادەبکرێن، وەکو هۆتێل
شیپریانی لە دوورگەی جیودێکا، هۆتێل ئامان ڤێنیز لەسەر کەناڵی گەورە، کە جۆرج
کلۆنی لە ساڵی ٢٠١٤ ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی تێدا کرد.
جێف بیزۆس،
دامەزرێنەری ئامازۆن سێیەم دەوڵەمەندترین کەسە لە جیهاندا، سامانەکەی بە ٢٣٤ ملیار
دۆلار مەزەندە دەکرێت، تەنیا لە دوای ئیلۆن ماسک و مارک زوکەربێرگەوەیە.