سەردێڕ:

٢٠ ساڵ پێش ئێستا ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە عێراقدا ئەنجامدا

PM:09:01:21/03/2023

1864 جار خوێندراوەتەوە

٢٠ ساڵ پێش ئێستا بە فەرمانی جۆرج بۆش سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، سوپای ئەو وڵاتە هێرشی کردە سەر عێراق و ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی عێراقی دەستپێکرد و لە ئەنجامدا سەدام حوسێنی سەرۆکی ئەو کاتی عێراق لە دەسەڵات لابرا.


لە رۆژی ١٧ی ئاداری ساڵی ٢٠٠٣، جۆرج بۆش سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، چیتر هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایش سوودی نییە و ناتوانرێت لەوە زیاتر چاوەڕێ بکرێت و دواتر سەدام حسێنی ئاگادارکردەوە لە ماوەی دوو رۆژدا عێراق جێبهێڵێت پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەمریکا و بەریتانیا لە عێراق.

جۆرج بۆش، لە کاتی راگەیاندنی شەڕ دژی عێراق وتی، "رژێمی سەدام شتێکی هەیە کە لە جیهانی شارستانی دەیشارێتەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێگە نادات مەترسیدارترین رژێمەکانی جیهان بە وێرانکارترین چەک هەڕەشەمان لێ بکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد، زانیاری هەواڵگریان هەبووە کە سەدام خاوەنی "چەکی کۆمەڵکوژ"ە.

لە رۆژی ١٩ی ئاداری ٢٠٠٣ لە بەندەری "ئوم قەسرەوە"وە جەنگەکە دەستی پێکرد و ئەمریکا بە پاڵپشتی هێزەکانی پۆڵەندا و بەریتانیا توانی بەندەرەکە کۆنترۆڵ بکات و دوای نزیکەی ١٩ رۆژ و لە ٤ی نیسانی ساڵی ٢٠٠٣ هێزەکانی ئەمریکا چوونە ناو بەغدا و جۆرج بوش وەک سەرکەوتنێک رایگەیاند، "ئەرکەکە ئەنجامدرا".

لە رۆژی ١٣ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٣دا لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی "بەرەبەیانی سور" سەدام حسێن سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق لە چاڵێکدا لە تکریت دەستگیرکرا و دوای دادگاییکردنی لە ٣٠ کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٦ لە سێدارە درا.

دوای روخانی رژێمەکەی سەدام حسێن لە عێراق یەکەمین دەستوری وڵات لە دوای ساڵی ١٩٥٨ەوە پەسەندکرا، کە دەستورێکە بە روونی ئاماژەیە بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری، هەروەها بە روونی ئاماژەی بە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولیی دەکات بۆ ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات و لە ریفراندۆمێکدا لە ٧٨٪ی عێراقییەکان دەنگیان بەو دەستورەدا.

لە ساڵی ٢٠١١ ئەمەریکا کشانەوەی سەرجەم سەربازەکانی لە عێراق راگەیاند، بەهۆی ئەوەی لەو کاتەدا عێراق قۆناغێکی باشتربوونی رێژەیی لە بواری ئەمنیدا بەخۆیەوە بینیبوو، ئەو کشانەوەیە دوای واژۆکردنی "رێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی" هات لە ساڵی ٢٠٠٨ کە رێککەوتنێکە بەروارەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لەخۆگرتبوو، هەروەها رادەستکردنی دەسەڵاتی ئەمنی بە عێراقییەکان لەگەڵ پاراستنی پاڵپشتی سەربازی و ئەمنی و ئۆپەراسیۆنەکانی مەشق و ڕاهێنان و بەغدا و واشنتۆنیش پابەندی بەڵێنەکانیان بوون.

تا ئێستاش لە ناو عێراقدا هەندێک لایەن هێرشی ئەمریکا بە ئازادکردنی عێراق ناودەبەن و هەندێکیش ئەمریکا بە داگیرکاری و تاڵانکاری و هێرشکردن بە بێ بوونی بەڵگە لەسەر چەکی کۆمەڵکوژ تۆمەتبار دەکەن.

لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە عێراق بەردەوام لەناو ئاڵۆزی و گێژاوی سیاسی و ئاینی و مەزهەبی دا دەخولێتەوە دیار نییە کەی دەگاتە کەناری ئارامی.

کامیار کەمال













گەلەری