سەردێڕ:

نرخی دۆلار و دینار بەرەو کوێ دەڕوات؟

PM:07:55:26/12/2022

48584 جار خوێندراوەتەوە

چەند هۆکارێکی تەکنیکی دۆلاری (بەرامبەر دینار) گران کردووە، بەڵام حکومەتەکەی سودانی و بانکی ناوەندی عێراق دەتوانن سنورێک بۆ ئەم گرانبوونە دابنێن؛ هاوکات سوریشن لەسەر ئەوەی نەهێڵن دۆلار گرانتربێت لەو نرخە فەرمییەی کە دیاریکراوە.


ئەم گرانبوونە چۆن روویدا و کێشەکان لە کوێدان؟ لەوەتەی دەوڵەتی عێراق دروست بووە، حکومەتەکانی سیستەمی نرخی ئاڵوگۆڕی جێگیریان بەکارهێناوە، نەک نرخی گۆڕاو وەک ئەوەی کە لە تورکیا و ئێران هەیە. بۆیە هەر لەسەرەتاوە ئەم ناسەقامگیریەی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار دەبوایە رووینەدایە.

ئەمە کەلێنێکمان نیشان دەدات لە جێبەجێکردنی سیاسەتی دراوی حکومەتەکە. لە دوای ساڵی ٢٠٠٤ـەوە، بانکی ناوەندی عێراق لە رێگای مەزادی عمولەوە، رۆژانە دۆلاری بە دینار دەفرۆشت، چەند بانک و کۆمپانیایەکی دیاریکراو بە نرخی فەرمی ($١=١٤٦٠ دینار) دۆلار دەکڕن و لە بازاڕدا دەیفرۆشنەوە؛ ئەمە ئەو دۆلارە کاشەیە کە دێتە بازاڕ. هەر ئەم بانکانە بەڵگەکانی هاوردەکردنی کاڵا دەخەنە ڕوو تا بانکی ناوەندی عێراق بەقەدەر بەهای هاوردەکان حەوالەیان بۆ بکات.

لە عێراقدا، دوو جۆر دۆلارمان هەیە، دۆلاری کاش کە نزیکەی ٢٠ تا ٢٥%ی ئەو دۆلارەیە بانکی ناوەندی دەیفرۆشێت لە ڕێگای چەند بانکێکەوە دێتە بازاڕەوە، دۆلاری حەواڵە بەشەکەی تریەتی. زۆر وتراوە لەسەر گەندەڵی و گرفتەکانی ئەم سیستەمە، بەڵام بۆ ئابورییەکی ئازادی پشتبەستوو بە میکانیزمەکانی ئابوری بازاڕ، ئەم سیستەمە بۆخۆی هیچ گرفتێکی نییە ئەگەر سیاسییەکان و بانکە-گومانلێکراوەکانیان بە خراپی سودییان لێوەرنەگرتایە.

کێشەیەکی ئەم مەزادی عمولە ئەوەبوو کە بڕێکی زۆری ئەو دۆلارانەی بە ناوی بازرگان و هاوردەکارانی عێراقەوە لە بانکی ناوەندی دەردەکرا، لە رێگای چەند بانکێکی وەسیتەوە لە دوبەی و عەمان دەگەیشتنە دەست چەند بانک و کەسایەتی و کۆمپانیایەکی سەربە ئێران، یان نزیک لە حیزبوڵای لوبنانی و سوریای ئەسەد. ئەم کەسایەتی و هەژمارو کۆمپانیانە لەلایەن ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە سزادراون لەبەر هۆکاری سیاسی جیاجیا. ئەم دۆخە هەمیشە مایەی ناڕەزایەتی ئیدارەی ئەمریکا بووە و وەک پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا بینراوە.

لە ٥ ساڵی رابردوودا، ئەمریکیەکان زۆر هەوڵیاندا حکومەتی عێراق خۆی رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ سنوردارکردنی ئەو دۆلارانەی کە دەگەنە هەژماری ئەو لایەن و کەسایەتییانەی لەژێر سزاکانی ئەمریکادان، بەڵام لایەنی عێراقی دەستەوەستان بوو. ئەوەبوو بانکی ناوەندی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (U.S.Federal Reserve) خۆی سزای ٤ لەو بانکانەی دا کە گومان دەکرێت رۆڵی گەورەیان هەبوبێت لە گواستنەوەی دۆلاری ئەمریکی لە بانکی ناوەندی عێراوە بۆ لایەن و کەسایەتیە سزادراوەکان. هەر کە بانکی ناوەندی ئەمریکا ئەم سزانەی راگەیاند، یەکسەر بانکی ناوەندی عێراق ئەم بانکانەی دوورخستەوە لە هەموو مامەڵەو رێکارەکانی خۆی. هاوکات میکانیزمی مەزادی عمولەیان هەڵوەشاندەوە. ئێستا راستەوخۆ بانکی ناوەندی عێراق خۆی دۆلار نافرۆشێت بە دینار بۆ هەرکەس و بانکێک کە بیەوێت، بەڵکو حەواڵەی بانکی دابین دەکات بۆ ئەو بازرگانانەی کە بە راستی کاڵا هاوردە دەکەن، یان ئەو گەشتیارانەی سەردانی دەرەوەی وڵات دەکەن لە کارتێکی بانکی رافیدەین دا ١٠ هەزار دۆلاری بۆ دەگۆڕنەوە بە نرخی فەرمی. ئەم میکانیزمە نوێ-یە (کە لە ساڵانی ١٩٦٠ەتاندا بە ناوی پارەدارکردنی بازرگانی دەرەکی بەکاردەهێنرا) وایکردووە پرۆسەی دۆلار فرۆشتن بە خەڵک و دابینکردنی حەواڵەی بازرگانی بۆ پارەدارکردنی کاڵای هاوردەکراو کەمێک خاو ببێتەوە، چونکە پشکنین و بەدواداچوونی هەموو ئەو مامەڵانەی بۆ کڕینی دۆلار (بە دینار) دەکرێت کاتێکی زیاتری دەوێت لەوەی تیمەکانی بانکی ناوەندی عێراق و رافیدەین دەتوانن رایی بکەن. ئەم سیستەمە نوێیە دەبێت بە پێی ستانداردی سیستەمی سویفتی نێودەوەتی بێت و توانای کارمەندانی بانکە عێراقییەکان زۆر لەوە بچوکترە بە ئاسانی لەگەڵیدا رابێن.

بەڵام بانکی ناوەندی خۆی سورە لەسەر ئەوەی رێگای جیاجیا تاقی بکاتەوە بۆ ئەوەی ئەم کورتهێنانەی دۆلار چارەسەر بکات بە زووترین کات.

بەڵام ئێستا چی دەگوزەرێت؟

یەکەم: بانکی ناوەندی عێراق ناچارکراوە سیستەمی مەزادی عمولە بگۆڕێت و لە جیاتی ئەوە راستەوخۆ حەواڵەی بازرگانەکان دابین بکات و دۆلار بە ئەو عێراقییانە بفرۆشێت کە دەچنە دەرەوە، چونکە مەترسی ئەوەی هەبوو ئەو دوو هەژمارە بانکییەی عێراق لە ئەمریکا هەیەتی (یەکیان ناوی عێراق١ بۆ کۆکردنەوەی داهاتە نەوتیەکانە و ئەوی تریش عێراق٢ بۆ هەڵگرتنی یەدەکی دراوە بیانییەکانە) سڕبکرێن. ئەو کاتەی ئەمریکیەکان قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسیان کوشت و پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا راوێژکارە سەربازییە ئەمریکییەکان لە عێراق دەربکات، دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکا راستەوخۆ وتی ئەگەر عێراق ئەمە بکات ئەوا هەژمارە بانکیەکانی حکومەتی عێراق سڕ دەکات.

لە ماوەی رابردوودا سەفیری ئەمریکا پەیامێکی تری هەڕەشە ئامێزی گەیاندووەتە حکومەتەکەی سودانی لەسەر فرۆشتنی دۆلار بە کەس و کیانە سزادراوەکان. هاوکات چوار بانکی ئەهلی گومانلێکراویان سزادا و ١٤ی تریشیان خستە ژێرچاودێرییەوە. بێ گومان هەر بانک و کەسایەتییەک لە لایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە سزابدرێت بانکی ناوەندی عێراقیش راستەوخۆ سزاکەی جێ بەجێ دەکات و ناتوانێت مامەڵەیان لەگەڵ بکات.

دووەم: بانک و کۆمپانیا داراییە گومانلێکراوەکان رۆژانە دەیان ملیۆن دۆلاریان لە بانکی ناوەندی عێراق وەردەگرت بە ناوی هاوردەکردنی کاڵاوە، لە جیاتی ئەوەی لە ڕێگای بانکە وەسیتەکانی دوبەی و عەمانەوە ئەم دۆلارانە بنێرن بۆ ئەو کۆمپانیا و لایەنانەی لەسەر فاتورەکە ناوییان هاتبوو، دیان نارد بۆ چەند هەژمارێکی تر کە بەلای زۆرەوە لە لیستی سزادراوەکانی ئەمریکادا بوون؛ پارەکە نەدەگەیشتە ئەو شوێنانەی کە لە فاتورەکەدا ناویان هاتووەو بە حساب کاڵا هەناردەی عێراق دەکەن، بەڵکو دەگەیشتنە چەند هەژمارێکی تری بانکی کە لە دواجاردا هی کەسایەتی و دەزگاکانی ئەو وڵات و شوێنانە بوون کە سزادراون. سزادانی ئەم چوار بانکەو ئەو رێکارانەی گیراوەتەبەر بۆ سنوردارکردنی ئەم حەواڵە گومانلێکراوانە بوونەتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو دۆلارە کاشەی کە رۆژانە دێتە بازاڕی دراوەکانەوە لە ناو شارەکانی عێراقدا. ئەمەش وایکردووە نرخی نافەرمی دۆلار زیاتربێت لە نرخە فەرمییەکەی.

سێهەم: ئەوەی کە هەیە گرانبوونی دۆلارە لە بازاڕە نافەرمیەکەی عێراقدا، ئەگینا نرخی دۆلار هەر وەک خۆیەتی و هەرکەس لە بانکی ناوەندی یان رافیدەین دۆلار بکڕێت ١$=١٤٦٠ دینار، کێ بازرگانەو بۆ هاوردەکردنی کاڵا دۆلاری پێویستە دەتوانێت بەم نرخە فەرمییە دۆلاری دەستبکەوێت، کێ سەفەری دەەرەوەی وڵات دەکات دەتوانێت بەم نرخە تا ١٠ هەزار دۆلاری دەستبکەوێت..هۆکاری گرانبوونی دۆلاری کاش لە بازاڕە نافەرمیەکەدا تەکنیکییە. ئەو بڕە دۆلارەی دێتە بازاڕە نافەرمیەکەی عێراق نەختێک کەمترە لەوەی کە خواستی لەسەرە، ئەمەش وایکردووە شتێک گرانتر بێت لە نرخە فەرمییەکەی.

چارەسەر چییە؟

بە گشتی ئەم گرفتەی ئێستا هێندە گەورە نییە، نرخی دۆلار بەرز نەبووەتەوە و دیناریش دانەبەزیوە، تەنها ئەو دۆلارە کاشە گران بووە کە لە بازاڕە نافەرمییەکەدا هەیە. هەموو هاوردەکارێک، یان گەشتیارێک، دەتوانێت دۆلارێک بە ١٤٦٠ دینار بکڕێت لە بانکی رافیدەین، یان لە بانکی ناوەندی. بۆ چارەسەری گرفتی کورتهێنانی دۆلار لە بازاڕە نافەرمییەکەدا، بانکی ناوەندی عێراق دەیان رێگاو ئامرازی لە بەردەستە. بۆ نمونە، ئەگەر حکومەتی عێراق پارەی بەڵێندەر و کۆمپانیا عێراقییەکان بە دۆلار بدات. یان ٢٠%ی موچەی کارمەندانی کەرتی گشتی بە دۆلار دابەش بکات، ئەو کات ئەم گرفتە چارەسەر دەبێت. بەڵام هیچ زەمانێک نیە دوای بانکە ئەهلییەکانی سیاسییە گومانلێکراوەکان جارێکی تر ئەم دۆلارەش لە بازاڕدا ناچننەوە و ناینێرنەوە بۆ وڵات و لایەنە سزادراوەکان.

ئێران وەک سەرچاوەی ئەم گرفتە دەبینرێت لەلایەن زۆر لەو کەس و شارەزایانەی لە روانگەیەکی سیاسییەوە تەماشای پرسی کورتهێنانی دۆلاری کاش دەکەن لە بازاڕە نافەرمیەکەدا؛ کێشەکانی ئێران و ئەمریکا رۆڵێکی هەیە لە دروستکردنی ئەم گرفتەدا، بەڵام لە راستیدا هۆکاری سەرەکی نیە. ئەگەر عێراق سێکتەرێکی بانکی پێشکەوتووی هەبوایە و گرێدراوبوایە بە تۆڕی سویفتی جیهانی و توانای رەوانەکردنی حەواڵەکان و راییکردنی بازرگانییە دەرەکیەکەی هەبوایە، ئێران نەدەبووە کێشە. کەلێنەکە لە ناوخۆی عێراقدایە، ئیتر ئێرانیەکان یان هەر کەس و لایەنێکی تر رەنگە بێن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری بهێنن.

بە دیوەکەی تریشدا، ئەوە راستە کە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هاوکات داڕوخانە ئابورییەکەی ئێران وای کردووە فشارێکی زیاتر لەسەر بانکەکانی عێراو دروست ببێت. بانکی ناوەندی ئەمریکا بە مافی خۆی دەزانێت کە دڵنیابێت لەوەی دۆلارەکانی (باوەکو هی عێراق و عێراقییەکانیش بێت) ناچنە گیرفان و قاسەکانی لایەن و کەسە سزادراوەکانەوە، بۆ ئەم مەبەستەش هەموو فشارێک دەخاتە سەر لایەنی عێراقی. بەڵام ئایا بانکەکانی عێراق و حکومەتەکەی سودانی چۆن زەمانی ئەوە دەکەن کە دۆلارەکانیان ناڕواتە قاسەی سزادراوەکانی ئەمریکاوە؟ ئەمە ئەو پرسارە تەنکنیکییەیە کە بەغدا دەتوانێت ئەم قەیرانەی ئەمڕۆی نرخی دینار-دۆلاری پێ چارەسەر بکات.

کێشەیەکی تری عێراق ئەوەیە، ئابوریەکەی زۆر پشت بە هاوردەکردن دەبەستێت. عێراق بە بێ هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی ٦٠ ملیار دۆلار هاوردەی هەیە، وا تەقدیر دەکرێت لە هەرێمی کوردستانیشەوە نزیکەی ٣٠ ملیار دۆلار هاوردەی هەموو عێراق بکرێت. ئەم بڕە زۆر زۆرە بۆ ئابورییەکی وەک عێراق کە کۆ بەرهەمەکەی لە ساڵی ٢٠٢١دا تەنها ٢٠٧ ملیار دۆلار بووە.

راپۆرتی ئابووری- نووسینی محەمەد حسێن













گەلەری