سەردێڕ:

لەسەر تۆمارە دەنگییە دزەپێکراوەکان؛ مالکی چووە بەردەم دادگا

PM:05:25:11/10/2022

2276 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتی دادوەری عێراق رایگەیاند، دوای ئامادەبوونی لەبەردەم دادگای سێی لێکۆڵینەوەی کەرخ، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەسەر کەیسی تۆمارە دەنگییە دزپێکراوەکانی، بە دەستەبەری دارایی کەسی ئازادکراوە.


بڕیاری دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکانی دادگا، لەدوای سکاڵایەک لە دژی دێت لەلایەن رەوتی سەدرەوە بەهۆی رووداوی ئەو تۆمارە دەنگیانەی دزەیان پێکرا و گوایە هی نوری مالیکییە.

چەند چاوگێک ئاشکرایان کردووە، دوای وەرگرتنی قسەکانی نوری مالیکی لەبەردەم دادگادا، دادوەر بڕیاری ئازادکردنی بە دەستەبەری دارایی بۆ دەرکردووە و بڕیاریداوە کە دووبارە بەڕێوەبەرایەتی بەڵگە و تاوان چاو بە تۆمارەکاندا بخشێنێتەوە و دواتر بڕیاری دادگای لەبارەوە بدرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ١٩ی ئەیلول دەسەڵاتی دادوەری عێراق بڕیاری کردنەوەی لێکۆڵینەوەی دا لەبارەی چەند تۆمارێکی دەنگی دزەپێکراو کە رەوتی سەدر دەڵێت دەنگی نوری مالیکییە.

ئەمەش دەبێتە دووەم جار کە بەڕێوەبەرایەتی بەڵگە و تاوان لێکۆڵینەوە لە تۆمارە دەنگییەکان بکات دوای ئەوەی کەسی سکاڵاکار تانەی لە ئەنجامەکە دابوو، لەلایەکی دیکەشەوە نوری مالیکی دەڵێت، کە ئەو تۆمارە دەنگییانە هی ئەو نین و دروستکراون.

سکاڵاکردن لەسەر نوری مالیکی و چوونی بۆ دادگا، لەدوای ئەوە دێت کە لەماوەی چەند مانگی رابردوودا کەسێک بەناوی عەلی فازڵ کە لە دەرەوەی عێراق نیشتەجێیە، بەشێوەی زنجیرە چەند تۆمارێکی دەنگی بڵاوکردەوە و وتی ئەو تۆمارە دەنگیانە لە کۆبوونەوەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە سەرچاوەیان گرتووە و یەکێک لەو کەسانەی قسە دەکات و هێرش دەکاتە سەر لایەنە سیاسییەکان لەناویشیدا بە دیاری کراوی سەدرییەکان، وتی نوری مالیکییە.













گەلەری