سەردێڕ:

ئاگادارى مۆبایلەکانتان بن.. زانیاری ٤٠ ملیۆن مۆبایل دزەی پێکرا

PM:03:58:19/08/2021

16144 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای تی مۆبایل بۆ خزمەتگوزاری پەیوەندییەکان لە ئەمەریکا رایگەیاند، دزە پێکردنێکی ئەلیکترۆنی بووەتە هۆی ئاشکرا کردنی زانیاری ٤٠ ملیۆن بەکارهێنەری مۆبایل لەو وڵاتە.


کۆمپانیای تی مۆبایل رایگەیاند، لەناو زانیارییە دزە پێکراوەکاندا ژمارەی بیمەی کۆمەڵایەتی ناسراو بە ئێس ئێس ئێنی تێدایە کە بەهۆیەوە حکومەت راپۆرتەکانی خۆی لەبارەی داهاتی تاکە کەسەوە رادەگەیەنێت و ئاستی شایستەبوونی سودەکانی بیمەی کۆمەڵایەتی دەستنیشان دەکات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، زانیاری حەوت ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەکارهێنەری کۆمپانیاکە لە ژێر هەڕەشەی دزە پێکردنی زانیارییەکاندان.

لەلایەکی دیکەوە بۆ دڵنیایدان بە بەکارهێنەرانی، کۆمپانیاکە باسی لەوەشکرد، زانیاری ٥٠ ملیۆن بەکارهێنەر لە ژێر هیچ مەترسییەکدانین و ژمارەی مۆبایل و هەژمار و پاسۆرد "وشەی تێپەڕبوون" و زانیارییە داراییەکانیان هەڕەشەیان لەسەرنییە.

بەگوێرەی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، زانیارییە دزە پێکراوەکان لە هەندێک باردا ناوی بەکارهێنەرانیشی گرتووەتەوە کە ناوی یەکەم و کۆتایی بەکارهێنەران و رێکەوتی لەدایک بوونیان و زانیاری مۆڵەتی شۆفێری بەشداربوانی ئێستا و پێشووتریشی تێدایە.

ئەمە لەکاتێکدایە، کۆمپانیاکە بەشداری کردووە لە لێکۆڵینەوەکان دوای ئەوەی لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو بەشێک لە بەکارهێنەرانی سکاڵایان تۆمارکردووە لەسەر ئەوەی دزە بە زانیارییە کەسیەکانیان کراوە و کۆمپانیاکەش بەڵێنی پێداون کێشەکە چارەسەر دەکات و چی دیکە رێگە نادات رووداوەکە دووبارەبێتەوە.

کـ ، ئـ













گەلەری