سەردێڕ:

درەنگانی شەوی رابردوو لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی چی روویدا؟

AM:09:25:27/07/2022

12420 جار خوێندراوەتەوە

درەنگانی شەوی رابردوو، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر سکاڵاکەی عێراق کۆبووەوە لەبارەی هێرشەکەی ٢٠ی ئەم مانگی ناوچەی زاخۆوە کە تێیدا نۆ کەس گیانیانلەدەستدا و ٢٦ کەسیش برینداربوون.


لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا کە فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بەشداریکردبوو سکاڵای عێراقی گەیاندە ئەنجومەنی ئاسایش و داوای بە زووترین کات راگرتنی هێرشەکان و چوونەدەرەوەی هێزەکانی تورکیای لە وڵاتەکە کرد.

لای خۆشیەوە، جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەعێراق باسی لەوەکرد، عێراق لە سەرجەم راگەیەندراوە فەرمییەکانیدا تورکیای بە بکەری هێرشەکانی سەر پەرخە تۆمەتبار کردووە و تورکیا هەموو تۆمەتەکانی عێراق رەتدەکاتەوە لەبارەی ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر پەرخە و عێراقیش ئەو هێرشانە بە بەزاندنی سنورەکانی ناوزەند دەکات و و عێراق دەیەوێت بە رێگەی دیبلۆماسی وەڵامی هێرشەکان بداتەوە.

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی ئەو هێرشانەی کرد و پاڵپشتی خۆی بۆ سەرجەم راگەیەندراوە فەرمییەکای عێراق راگەیاند.

لە کۆبوونەوەکەدا، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەکرد، توركیا رێز لە سەروەری خاكی عێراق ناگرێت و لە لێكۆڵینەوەكانی عێراقدا بەروونی دەرکەوتووە توركیا هێرشەكەی زاخۆی ئەنجامداوە.

راشیگەیاند، لە دوای هێرشەکەوە عێراق لیژنەکەی بۆ لێکۆڵێنەوە پێکهێناوە و ئەو پاشماوانەی لە شوێنی رووداوەکە هەن هی هەمان ئەو تۆپانەنەن کە سوپای تورکیا بەکاریان دەهێنێت و تەنها لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە تورکیا ٢٩٦ پێشێلکاری بۆ سەر خاکی عێراق کردووە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو ناوچەیەی تۆپبارانكراوە ناوچەی شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە نەبووە و لە ساڵی ٢٠٠٨ـەوە تا ئێستا عێراق ٢١٦ داواكاری بۆ وەستاندنی پێشێلكارییەكان داوەتە توركیا وتیشی دەبێت توركیا كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەكانی بهێنێت لەناو خاكی عێراق.

لەبارەی هەبوونی رێککەتنی ئەمنی لەگەڵ تورکیا وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "ئێمە هیچ رێككەوتنێكمان لەگەڵ توركیا نییە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن و لەشكركێشی ئەو وڵاتە لەناو خاکەکەمان."

لەبەرامبەریشدا، ئونجو کێچەلی جێگری باڵیۆزی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئەوەی ئایا تورکیا هێرشەکانی ئەنجامداوە یان نا ئەوەی خستەڕوو، ئەوان راستەوخۆ لە دوای هێرشەکان پەیوەندیان بە حکومەتی هەرێم و عێراقەوە کردووە و لە راگەیەندراوێکدا رەتیان کردووەتەوە تورکیا ئەنجامدەری ئەو هێرشانە بێت، بەڵام فواد حسێن وەڵامی دایەوە و رایگەیاند، "ئێمە لە میدیاکانەوە گوێمان لەوە بووە و هیچ وەڵامێکی فەرمیمان پێ نەگەشتووە."

ئاماژەی بەوەشدا، وڵاتەکەی بە عێراقی راگەیاندووە ئامادەیە بۆ هەماهەنگی لە دۆزینەوەی بکەری ئەو هێرشانە بەڵام عێراق بە هەڵە لە تورکیا تێدەگات، و ئەمەش یەکەمجار نیە ئەم رووداوانە لە عێراق روودەدات و لە زۆربەی ئەو هێرشانەدا تورکیا بەرپرسیار نەبووە.

باسی لەوەشکردووە، تۆمەتبارکردنی تورکیا دەبیتە هۆی ئاڵۆزکردنی دۆخەکە و عێراق لە میدیاکان بە زانیاری هەڵە تورکیای تۆمەتبار کردووە بە هێرشەکان و تورکیا هەمیشە پاڵپشتی یەکێتی و سەروەری و خۆشگوزەرانی عێراق بووە و ئەوە گروپە چەکدارییەکانن کە خاکی عێڕاق دەکەنە ئامانج نەک تورکیا.

نوێنەری تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، عێراق کە ناتوانێت بەسەر پەکەکەدا زاڵ ببێت کە کۆنترۆڵی بەشێک لە خاکەکەی لەدەستدایە، ناتوانێت زۆر لە تورکیاش بکات لە خاکەکەی بچێتە دەرەوە.

دوابەدوای قسەکانی نوێنەرانی عێراق و تورکیا و نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، هەریەک لە وڵاتانی ئەندام لای خۆیانەوە ئیدانەی هێرشەکانیان کرد و رایانگەیاند وڵاتەکانیان هاوخەمن لەگەڵ عێڕاق و عێراقییەکان و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازن.

دوێنێ، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، کاردەکەن لەسەر باوەڕهێنان بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ دەرکردنی بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراقدا، بەڵام تا ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هیچ بڕیارێکی لەوبارەیەوە نەداوە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، تۆپخانەکانی تورکیا بۆردومانی ناوچەیەکی گەشتیاری سەر بە زاخۆیان کرد و بەهۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٦ کەسی دیکە برینداربوون، کە زۆرینەیان گەشتیاری عەرەب بوون و بۆ بەسەربردنی کات روویان لەو ناوچەیە کردبوو.














گەلەری