سەردێڕ:

بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان و رەئیسی؛ پوتین بەرەو تاران بەڕێدەکەوێت

AM:09:47:19/07/2022

6888 جار خوێندراوەتەوە

سەردانەکەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا بۆ ئێران کە ئەمڕۆ سێشەممە دەستپێدەکات، بە مەبەستی قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ وڵاتانی زلهێز لە ناوچەکە لە چوارچێوەی تەحەداکانی مۆسکۆ بەرامبەر بە ئەمریکا و ئەوروپا لەکاتێکدا هێرشەکان بۆ سەر ئۆکرانیا بەردەوامیان هەیە.


دوێنێ دووشەممە، کەناڵی فەرمی تورکیا بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا لە تاران لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی کۆدەبنەوە و لەبارەی چارەسەرکردنی قەیرانی کێشەی دانەوێڵە لە بازاڕەکانی جیهان قسە دەکەن.

درەنگانی شەوی رابردوو ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا بە گەیشتە تاران و بڕیارە ئەمڕۆش پوتینی سەرۆکی روسیا بگاتە تاران.

هاوکات، ئاژانسی فرانس پرێس باسی لەوەکردووە، ئەمە دەبێتە دووەم گەشتی سەرۆکی روسیا بۆ دەرەوەی وڵات لەوەتەی تانکەکانی رووسیا لە مانگی شوباتەوە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنەکانیان کردووە بۆ سەر ئۆکرانیای دراوسێیان.

ئاژانسەکە دەشڵێت، "بڕیارە پوتین لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی ئێران و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا وتووێژ بکات سەبارەت بەو پرسە گەورانەی رووبەرووی ناوچەکە بوونەتەوە، لەناوەش کێشەکانی سوریا و ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە، لەنێویاندا ململانێی سووریا و پێشنیازەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراکی جیهانی."

ئاژانسەکە باسی لەوەشکردووە، لە کاتێکدا رۆژئاوا سزاکان بەسەر رووسیادا کەڵەکە دەکات و هەڵمەتە تێچووی زۆری دەوێت، پوتین هەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران بەهێز بکات، کە هاوئامانجی سزا توندەکانی ئەمریکایە و هاوبەشێکی سەربازی و بازرگانییە بۆی.

بابەتێکی دیکەش کە جێگەی ئاماژە پێکردنە، کۆشکی سپی باسی لەوە کردووە، لە چەند هەفتەی رابردوودا، بەرپرسانی رووسیا لانیکەم دوو جار سەردانی فڕۆکەخانەیەکی ناوەڕاستی ئێرانیان کردووە بۆ پێداچوونەوە بەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تاران کە روسیا بە نیازە وەریان بگرێت و لە جەنگی ئۆکارانیادا سوودیان لێوەربگرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەمەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی هاریکاری کەنداو لە ژێر ناونیشانی "لوتکەی جدە بۆ ئاسایش و گەشەپێدان" گەیشتە شاری جدەی سعودییە کە هەریەک لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و شا عەبدوڵای دووەم پادشای ئوردون و سەرکردەکانی وڵاتانی کەندا و ئامادەی لوتکەکە بوون. یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی لوتکەکە کە لایەنی ئەمریکی وروژاندنی فراوانبوونی جموجوڵ و هەژموونی چین و سیاستەکانی روسیا و دۆسییەکانی ئێران بوو.

ل.ل













گەلەری