سەردێڕ:

بۆ یەکەم جار تەلەسکۆپی هەبڵ کونێکی رەشی گەڕۆکی دۆزییەوە

PM:11:05:02/07/2022

22976 جار خوێندراوەتەوە

تیمێکی گەردوونناسی رایانگەیاند، تەلیسکۆبی هابڵ لە کاتی چاودێریکردنی ناوچەیەکی رێی کاکێشان کونێکی رەشی گەڕۆکی لەو ناوچەیە دۆزیوەتەوە.


دوای لێکدانەوەی داتاکانی تەلەسکۆپی هابڵ بەم دواییە لەلایەن تیمێکی گەردوونناسی لە زانکۆی بێرکلی لە کالیفۆرنیا دەرکەوت کە ئەو تەلیسکۆبە لە کاتی چاودێریکردنی ناوچەیەکی کاکێشان کونێکی رەشی گەڕۆکی لەو ناوچەیە دۆزیوەتەوە.

گەردوونناسانی ناسا ئاماژەیان بەوەداوە، بارستەی کونە رەشەکە لەنێوان ٦.١ تا ٤.٤ ی بارستەی خۆرە و خێراییەکەی لەنێوان ١٠٠ هەزار تا ١٦٧ هەزار کیلۆمەترە لە کاتژمێردا.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، ئێستا ئەو کونە رەشە لە دوری نزیکەی ٥٠٠٠ ساڵی تیشکییە و ئەو دوریەش زۆرە و هیچ کاریگەریەکی لەسەر زەوی و کۆمەڵەی خۆرنابێت.

ئاماژەیان بەوەشداوە، بەپێی لێکدانەوە بیرکارییەکان بێت لەبەر زۆری ژمارە کونەڕەشەکان لەنێو گەلەئەستێرەی خۆردا ئەوا نزیکترین کونی رەش لە زەوی دەبێت نزیکەی ٨٠ ساڵی روناکی دوربێت لێیەوە، بەڵام هێشتا زانایان نەیانتوانیوە ئەو کونە بدۆزنەوە.

لەمبارەیەشەوە، لوقمان حەوێز ئەندامی کۆمەڵەی گەردوونناسی تێکساس ئاماژەی بەوداوە، ئەگەر نزیکترین کونی رەش لە زەوی گەرۆک بێت ئەوا لە داهاتوودا دورنییە مەترسی لەسەر ئەستێرەکانی دەوروبەری دروست بکات بە خۆر و کۆمەڵەی خۆریشەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە دڵنیاییەوە لە کۆتاییەکانی تەمەنی گەردوون زۆربەی هەرە زۆری بارستەکانی نێو گەردوون دەکەونە نێو ئەو کون و چاڵە رەشانەی گەردوون و هەڵدەلوشرێن، بەپێی بیردۆزی "سترینگ" ئەو چاڵ و کونەڕەشانەی گەردوون دەشێت دەرگایەک بن بەرەو گەردوونەکان و جیهانەکانی تر.

باسی لەوەشکردووە، کونەڕەشەکان بە بەربڵاوی هەن لە نێو گەردووندا، زۆربەی ئەو کونەڕەشانە لە تەقینەوەی ئەستێرە زەبەلاحەکان دروست بوون کە بەشێوەی سوپەرنۆڤا لە کۆتایی تەمەنەکانیدا تەقیونەتەوە، ئەو ئەستێرانەی لایەنی کەم بارستەکانیان بیست هێندە یان زیاترە لە بارستەی خۆر.

لوقمان حەوێز دەشڵێت، بەپێی نوێترین توێژینەوە تەنیا لە نێو گەلەئەستێرەی رێی کاکێشان زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن کونی رەش هەیە، ئەوەش ژمارەی ئەو ئەستێرە زەبەلاحانەیە کە لەسەرەتای دروست بوونی گەلەئەستێرەی خۆرەوە دروست بوون و تەقیونەتەوە تاوەکو ئێستا، ئەو کونەڕەشانە وەکو چاڵێکی تاریک و بێ بن هێزی کێشکردنیان هێندە زۆرە هەموو تەنە نزیکەکان لە خۆیان هەڵدەلوشن، ناشیان بینین و ناتوانین چاودێریشیان بکەین ئەگەر هیچ ئەستێرەیەک یان تەمێک نزیک نەبێت لێیان، تەنیا لەو کاتانە دەیاندۆزینەوە کە کاریگەریان دەبێت بەسەر ئەستێرەکان و تەمە گەردوونیەکانی چواردەوریان، ئەو کات وا دەکەن ئەو ئەستێرە نزیکانە لێیان بەدەوریاندا بسوڕێنەوە یان قوتیان بدەن، ئینجا دەزانین ئەو کونەڕەشانە لەوێن و هەن.













گەلەری