سەردێڕ:

لە هێرشێکی داعشدا کەسێک لە سنوری کەرکوک کوژرا

AM:10:46:09/08/2021

10516 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێکی ئەمنی عێراق رایگەیاند، چەکدارانی داعش لە درەنگانی شەوی رابردوو چوونەتە نێو گوندێک لە کەرکوک و لە ئەنجامدا هاوڵاتییەک کوژراوە.


ئەو چاوگە ئەمنییە بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندووه، چەکدارانی داعش هێرشیانکردووەتە سەر ناوچەیەکی کشتوکاڵی لە سنوری گوندی زابی سەر بە پارێزگای کەرکوک دواتر بەتۆمەتی هاوکاریکردنی هێزە ئەمنییە عێراقییەکان خاوەنی ئامێری لێدانی بیرەکەیان کوشتووە.

هاوکات، چاوگێکی ئەمنی ئاماژەی بەوەکردووە، لە پارێزگای دیالە چەکدارانی داعش هێرشیانکردەسەر بنکەیەکی سەربازی پۆلیسی ناحیەی عەبارە لە باکوری خۆرئاوای بەعقوبە و لەئەنجامدا پۆلیسێک کوژرا.

لە چەند رۆژی رابردووش، چەکدارانی داعش لەسەر رێگای مەخمور - هەولێر، بە جلی سەربازییەوە خاڵێکی پشکینیان دانا و هەشت هاوڵاتی کوردیان رفاند کە دواتر سیانیان ئازادکردن و سێ هاوڵاتی دیکەشیان بریندارکرد.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەمەبەستی رێگریکردن و کۆتاییهێنان بە جموجوڵ و چالاکییەکانی داعش، چوار ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە پێکهێنرا.













گەلەری