سەردێڕ:

دژە تیرۆری کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

PM:09:11:01/05/2022

7500 جار خوێندراوەتەوە

دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، شەش مووشەک لە نزیک زێی بادینان لە قەزای خەبات کەوتنە خوارەوە. دەشڵێت، " بە گوێرەی زانیارییەکان، مووشەکەکان لە سنووری ناحیەی بەرتلەی سەر بە قەزای حەمدانییەی پارێزگای نەینەوا ئاراستە کراون".


ئەمڕۆ یەکشەممە، دژە تیرۆری کوردستان لە فەیسبووکی فەرمی خۆی لەبارەی هێرشە موشەکییەکانی سەر ناحیەی رزگاری راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەنراوەکەی دژە تیرۆردا هاتووە، کەمێک پێش ئێستا، شەش موشەک لە نزیک زێی بادینان لە سنووری قەزای خەبات کەوتنە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، بە گوێرەی زانیارییەکان، مووشەکەکان لە سنووری ناحیەی بەرتلەی سەر بە قەزای حەمدانییەی پارێزگای نەینەوا ئاراستە کراون.

ئێوارەی ئەمڕۆ، رزگار کۆچەر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە هەولێر ئاماژەی بەوەدا، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج موشەک ئاراستەی پاڵاوگەکانی ناحیەی رزگاری سەر بە قەزای خەبات کران.

وتیشی، یەکێک لە موشەکەکان لەناو پاڵاوگەی رزگاری لە نزیک عەمبارەکان کەوتووەتە خوارە و ئاگرێکی گەورە لەناو عەمبارەکەدا بەرزدەبێتەوە کە پێدەچێت بە موشەکەکە پێکرابێت.

دەشڵێت، تیمێکی بەرگری شارستانی لە دەوری پاڵاوگەکەن و هەوڵدەدەن کرێکارەکانی ناو پاڵاوگەکە بکەنە دەرەوەی پاڵاوگەکە بەمەبەستی کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرەی لەناو عەمبارەکەدا هەیە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، موشەکەکان لە چوار ریانی بەرتلەوە ئاراستەی پاڵاوگەکانی ناحیەی رزگاری کردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو ناوچەیە بۆشاییەکی ئەمنی بەرفراوان لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقیدا هەیە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەشکرد، لەو ناوچەیە لیوایەکی حەشدی شەعبی بەناوی حەشدی شەبەک بوونی هەیە.













گەلەری