پەیامێک لەیادی شەھیدکردنی بەکر عەلی دا

PM:11:47:31/08/2021

4204 جار خوێندراوەتەوە

سبەی ١ی ئەیلولی ٢٠٢١، ٢٧ ساڵ بەسەر مەرگی "بەکر عەلی" شاعیردا تێپەڕ دەبێت و خانەوادەکەی پەیامێکیان بڵاوکردەوە.

خانەوادەی شاعیری کۆچکردوو لەیادی شەهیدکردنی "بەکر عەلی"دا  پەیامێکیان بڵاوکردەوە، دەقی پەیامەکە:

شەھید بەکر عەلی خەمێکی قوڵە، برینێکە سارێژ نابێت، ئەگەر بەکر تەنھا لە رۆژێکدا یادبکرێتەوە، بەڵام بۆ خانەوادەکەی خوێنی گەرمی ھەڵچوو و رژاوی بۆ بەرگری کردن لە ھەژاران ھێشتا لەسەر شەقامەکەیە و دەنگی سامناکی فیشەکە نەفرەتیەکان ھێشتا لەگوێماندایە. 

لەم ساڵیادەی شەھید بەکر عەلی دا، وەک خانەوادەکەی ھیچ رێورەسمێک سازنادەین و دۆخی گشتی ھاولاتیان و تەندروستییان لەبەرچاو دەگرین، ھاوکات سوپاسی ھەموو ئەو نوسەروو شاعیر و خەمخۆرانە دەکەین کە ھەمیشە ھاودەنگ و ھاوخەمی ئێمەن و ئامادەی ھەرکارێکن بۆ شاعیرو  بەرگریکارە بەخوێن سووربوەکەی خۆیان ئەنجامی بدەن ."

خانەوادەی شەهید بەکر عەلی وتیشیان "بەپێویستیشی دەزانین داوا لەو دەزگا میدیایی و رۆژنامەوانە بەرێزانە بکەین کە دەیانەوێت کار لەسەر ژیانی شەھید بەکر عەلی بکەن و بەرپرسیارانە لەئاست ئەم ئازارە و روداوەکان مامەڵەبکەن و دووربن لەبەکارھێنانی کەیسی شەھید بەکر لەململانێ سیاسیەکاندا ، چونکە پێمان وایە مێژوو ناگۆرێت و راستیەکان ئازارێکن لەھەناووی مێژووی ئەم نەتەوەیە کە بەکر عەلی و بەکر-ەکانی تریش لە دڵی ئەو مێژووەدا زیندوون.

بەکر عەلی شاعیر لە ١٩/٦/١٩٦٨ لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی لەدایکبووە، تا پۆلی دووی ناوەندیی خوێندوویەتی، دواتر بەهۆی نەداری نەیتوانیووە درێژە بە خوێندن بدات، بەکر عەلی شاعیرێکی ئارام و لەسەرخۆ بووە، بەڵام یاخی بووە و سازشی لەسەر ڕاستی و دوونیا بینی خۆی نەکردووە. خاوەنی پرەنسیپی خۆی بووە بۆ ژیان، ئەمەش لە چاڵاکی و هەڵوێستەکانی ڕەنگیداوەتەوە. لەناو خەڵکیدا بە گوڵە سوورەکەی حامیە ناسراو بوو، لەبەر ئەوەی زۆر خۆشەویست بوو لەناو چینی هەژار و ڕەنجدەران بەتایبەتێش لەناو خەڵکی حامیە کە هەموویان هەژار بوون، ئەو وەک داکۆکیکارێکی سەخت بۆ مافەکانی خەڵکی حامیە دەجەنگا، لەگەڵ ئەمەشدا نووسینی شیعری دڵداری و ناسک بووە هۆی ئەوەی پێیبڵێن: ''گوڵە سورەکەی حامیە''،  لە یەکی ئەیلوولی ١٩٩٤ لە شەقامی بێسارانی کە دەکەوێتە نیوان باخی گشتی و یانەی فەرمانبەرانەوە، تیرۆر دەکرێت.