چیرۆکی ئەو کچەی گورچیلەی بە خۆشەویستەکەی بەخشی بەڵام ئەو بەجێیهێشت

PM:02:03:27/01/2022

6096 جار خوێندراوەتەوە

کچێکی ئەمریکی دوای ئەوەی زانی خۆشەویستەکەی نەخۆشە و ئەگەری هەیە بمرێت، گورچیلەیەکی خۆی بەخشییە خۆشەویستەکەی، بەڵام دوای چاکبوونەوەی خۆشەویستەکەی بەجێیهێشت.

ماڵپەڕی حەدەس نوسیوویەتی، چیرۆکی ئەو کچە لە فیلمە سینەماییەکان دەچێت، گورچیلەیەکی خۆی بەخشیوەتەوە خۆشەویستەکەی، ئەویش دوای ئەوەی زانیویەتی ئەو کوڕەی خۆشیدەوێت بەدەست سستی گورچیلەکانییەوە دەیناڵاند.

ئەو کچە ئەمریکییە بەناوی کۆلین لو چیرۆکی ئەم رووداوەی لە تیک تۆک بڵاوکردووەتەوە کە کاردانەوەی زۆری بەدوادا هاتووە و زۆرینەی بینەرەکانی ڤیدیۆکەی بەکچێکی دڵپاک و نەرمونیان ناویان بردووە.

کۆلین ئاشکرایکردووە، پێش چەند ساڵێک گورچیلەیەکی خۆی بەخشیوە بە خۆشەویستەکەی، نەشتەرگەرییەکەی هەردووکیان سەرکەوتوو بووە، بەڵام دوای تێپەڕبوونی حەوت مانگ بەسەر نەشتەرگەرییەکەدا توشی شۆک بووە، کاتێک زانیویەتی خۆشەویستەکەی بەبێ هۆکار بەجێیهێشتووە و لێی جیابووەتەوە.

سەبارەت بەو کارەی کۆلین وتوویەتی "ئەو کارەم تەنیا وەک مرۆڤێکی باش کردووە"، ئەو کچە لە ئێستادا تەنیا یەک گورچیلەی هەیە، چیرۆکەکەشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی هەبووە.

ئ.ل