بە خەوتن چارەسەری پێنج نەخۆشیی بکە

PM:11:58:18/10/2021

4276 جار خوێندراوەتەوە

خەوتن ژمارەیەکی زۆر سوودی هەیە بۆ جەستەی مرۆڤ، بەهۆی ئەوەی وادەکات دووبارە چالاك ببێتەوە و وزەی زیاد بکات، وێڕای هەموو ئەوانەش ڕۆڵی هەیە بۆ چارەسەری ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشییەکان.

زۆرکات کە کەسێك نەخۆشدەکەوێت پزیشك داوایلێدەکات بحەوێتەوە و بۆ ماوەیەك لە جێگادا بمێنێتەوە، بەهۆی ئەوەی کۆمەڵێك لە نەخۆشییەکان پێویستییان بە خەوتن هەیە تا نەخۆشەکە زوو چاکببێتەوە.

لە بابەتێکدا ماڵپەڕی سکای نیوز ئاماژەی بە دیارترینی ئەو نەخۆشییانە کردووە کە لە ڕێگەی خەوتنەوە چارەسەر دەبن، بەمجۆرە:


یەکەم: ئەنفلەوەنزا

لەکاتی توشبوون بە ئەنفلەوەنزا، باشترین چارەسەر خەوتن و حەوانەوەیە، چونکە لەم کاتەدا ماندووبوون وادەکات جەستە ئەو هۆرمۆنانە دەربدات کە سیستمی بەرگری لاوازدەکەن، وەك هۆرمۆنی کۆرتیزۆل کە کاریگەریی لەسەر خانە سپییەکانی خوێن دەبێت، بۆیە باشترە لەو ماوەیەدا کەسەکە بحەوێتەوە تا سیستمی بەرگریی لاواز نەبێت.


دووەم: سەرئێشە

سەرئێشەی زۆر، کە ئەگەری هەیە بەهۆی ماندووبوونەوە تووشی مرۆڤ ببێت، دەکرێت هۆکاربێت بۆ نەمانی هاوسەنگیی جەستە و لاوازبوون، لەم کاتەدا باشترین چارەسەر ئەوەیە کەسەکە بخەوێت و ئەگەر نەیتوانی خەوی لێبکەوێت باشتروایە کوپێك لە چای بەیبون یان نەعنا یاخود شیری گەرم بخوات، چونکە ئەم خواردنەوانە یارمەتیدەرن لە ئارامبوونەوەی مێشك و خەوتن بە ئاسانی.


سێیەم: ئازاری پشت

لەکاتی هەستکردن بە ئازاری پشت و مل و شان، جەستە پێویستی بەوەیە کە ئەو فشارەی لەسەریەتی کەمببێتەوە بۆیە باشترین ڕێگە ئەوەیە کەسەکە بخەوێت، بەڵام بە شێوازی دروست، بۆ نمونە لەکاتی هەستکردن بە ئازاری پشت، باشتروایە کەسەکە لەسەر پشت پاڵبکەوێت و سەرینێك بخاتە ژێر حەوزی.


چوارەم: ئازاری قاچەکان

لەکاتی هەستکردن بە ئازاری قاچەکان کە ئەگەری هەیە بەهۆی وەستان و کارکردنەوە بێت بۆ ماوەیەکی زۆر، باشتروایە کەسەکە بحەوێتەوە و بخەوێت، لەم کاتەشدا پێویستە سەرینێك بخاتە ژێر قاچەکانی بۆئەوەی ئازاری ئەو ناوچەیەی کەمببێتەوە.


پێنجەم: نەخۆشییەکانی دڵ و فشاری خوێن

پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوان کەمخەوی و نەخۆشییەکانی دڵ و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، بەهۆی ئەوەی خەوتن بە باشی تەواوی شانەکانی جەستە چالاکدەکات بۆئەوەی بتوانێت بە شێوازێکی باشتر کۆتایی بە ماددە ژەهر و کەڵەکەبووەکان بهێنێت، بەتایبەت شانەکانی دڵ و دەمارەکان.