تیکتۆک مێشک دەپوکێنێتەوە؟

PM:02:53:27/04/2024

596 جار خوێندراوەتەوە

پڕۆفیسۆرێکی بەریتانی باس لە زیانەکانی بەکارهێنانی تیکتۆک دەکات لەسەر منداڵان و باس لەوە دەکات، تیکتۆک دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئاستی زیرەکی منداڵان و پوکانەوەی مێشکیان.

ستیڤن سکۆت پرۆفیسۆر لە بواری تەندروستی و رەفتاری منداڵ لە زانکۆی لەندەن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "the sun"ی بەریتانی باسی لە کاریگەرییە خراپەکانی تیکتۆک لەسەر دەروون و توانای مێشک و رەفتارەکانی منداڵان کردووە و دەڵێت، بەکارهێنانی ئەو تۆڕە لەلایەن منداڵانەوە دەبێتە هۆی پوکانەوەی مێشکیان.

زانایان باس لەوەدەکەن، بەکارهێنانی بەردەوامی شاشە، چی ئەگەر کۆمپیوتەر بێت یان مۆبایل و تەلەفزیۆن کاریگەریی خراپ لەسەر توانای مێشکی کەسەکان و سەرنجدانیان دروستدەکات، جگە لە زیانە خراپەکانی بۆ تەندروستی جەستە، بێگومان ئەو زیانانە لە بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکانی وەک کۆمپیوتەر و ئایپاد و مۆبایلدا زیاترن.

ئەو پڕۆفیسۆرە ئەوەی خستووەتە روو، بەکارهێنانی بەردەوامی تیک تۆک لەلایەن منداڵانەوە دەکرێت ببێتە هۆی "تێکچوونی رەفتاریی" لای منداڵان و رەفتاری ئۆنلاین و ئۆفلاینیان بگۆڕێت، بە واتایەکی دیکە لە ناو سۆشیاڵ میدیادا خۆیان بە کەسایەتییەک و جۆرێکی دیکە ببینن جیاواز لە ژیانی راستەقینەیان و ئەوەش وردە وردە کاریگەر دەبێت لەسەر رەفتارەکانیان لە ژیانی ئاساییدا، لە بەردەوامبوونی ئەو دۆخەشدا، رەنگە پەلبکێشیت بۆ تووشبوونیان بە گرفتی دەروونی.

لە راپۆرتەکەی ماڵپەڕی زە سەندا ئەوەش هاتووە، زانایان پێیان وایە هەندێک گۆڕانکاری لە مێشکی منداڵدا هاوشێوەی ئەو گۆرانکارییانەیە کە لە مێشکی تووشبووانی نەخۆشی ئەلزەهایمەردا دروست دەبێت.

ستیڤن سکۆت ئاماژەی بەوەکردووە، تیکتۆک هاوشێوەی چەندین پلاتفۆڕمی دیکە دەتوانێت ئالودەبوون دروستبکات، کە دەبێتە هۆی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئەو تۆڕە و ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی دروستدەکات، بە جۆرێک دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای سەرنجدان و بەکارهێنەر هەوڵدەدات بگەڕێت بەدوای خۆشییەکی کاتیدا.

شارەزایان ئەوەیان ئاشکرا کردووە، ئەو بەکارهێنەرانەی بەردەوام بەناو ڤیدیۆی کورت و سەرنجڕاکێشدا دەگەڕێن، سەرنجدانیان بۆ ئەرک و چالاکییە درێژخایەنەکان کەمدەبێتەوە، یاخود دەکرێت تاک تووشی دۆخێک بکات، بڕیاردانی خێرا بێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ و دەرئەنجامەکانی.

هەر لەبارەی کاریگەرییەکانی شاشە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، رۆژنامەی نیویۆرک ئاماژەی بەوەکردووە، بەکارهێنانی ئەو ئامێر و شاشانە بە گشتی و لە شەواندا بەتایبەتی، دەبێتە هۆی دروستکردنی کاریگەریی خراپ لەسەر خەوتن و بەردەوام هەستکردن بە ماندوویەتی.

لە هەندێک بەکارهێنەریشدا وایان لێدەکات، هەستی خۆبەگەورەزانین تیایاندا دروستببێت و زاڵ ببێت، بەردەوامی چاودێریکردنی ئەو جۆرە ڤیدیۆیانە، وادەکات بەکارهێنەر ویستی ئەوەی بۆ دروست ببێت بەو جۆرە ژیان بکات و رەفتار بکات، ئەوەش هەستی ناتەواوی و خۆ بەکەمزانی بۆ دروستدەکات و هەندێک جار ئەو هەستانە دەگۆڕێن بۆ تێکچوونی رەفتاریی.

پزیشکان ئامۆژگاریی دایک و باوکان دەکەن، منداڵەکانیان بە جۆرێک بەرکەوتنیان هەبێت لەگەڵ ئەو ئامێرانەدا، کە دووریان نەخاتەوە لە دونیای منداڵانەی خۆیان و سوود لە بەکارهێنانی وەربگرن بەپێی تەمەنیان و چاودێری کاتی بەکارهێنانیان بکەن. چونکە بە تەواوی دابڕاندنی منداڵ لەو ئامێرانە بۆشاییەکی دەروونیان بۆ دروستدەکات و خواستی بەدەستهێنانیان دەگاتە لوتکە، ئەوەش وادەکات لەگەڵ گەیشتنی بە بەکارهێنانی ئەو ئامێرانە بە شێوازێکی نەشیاو مامەڵەی پێوەبکەن. ئەوەشیان روونکردووەتەوە، بێگومان دەبێت تەمەنی منداڵ گونجاو بێت بۆ بەکارهێنانی.