نەوەی داهاتوو دارستانی ئەمازۆن نابینن

PM:05:08:20/04/2024

1600 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی نوێی ژینگەیی ئەنجامدراوە و باس لەوەدەکات، داڕووخانی سیستەمی ژینگەیی لەوە زووتر روودەدات کە چاوەڕوان دەکرا و نەوەی داهاتوو ناتوانن دارستانەکانی ئەمازۆن ببینن.

سیمۆن وێلکوک لە ناوەندی توێژینەوەی روسامستید توێژینەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، رووخانی سیستمی ژینگەیی زووتر روودەدات وەک لەوەی پێشبینی دەکرا و دەڵێت، مرۆڤەکانی ئێستا کۆتا نەوە دەبن کە دارستانی ئەمازۆن دەبینن.
توێژینەوەکە دەریخستووە، لە ١٥٪ی هۆکارەکانی تێکچوونی سیستەمی ژینگەیی بەهۆی فشارە نوێیەکانی وەک گەرم بوونی جیهانی و گۆڕانکارییەکان لە کەشوهەوادا روودەدەن و ئەوەش دەبێتە هۆی گۆڕانی هاوسەنگی.
هاوکات، ئامێری چاودێری لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە کە لە توێژینەوەکەدا بەکارهاتووە دەریدەخات، لە ماوەی مانگی ئازاردا ٣٥٦ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە دارستانی ئەمازۆن لەناوچووە و دارەکانی بڕاونەتەوە.
زانایانی بەڕازیلیش لەو بارەیەوە هۆشداریانداوە، تێکچوون و وێرانبوونی دارستانی ئەمازۆن لەوە زووتر دێتە دی کە پێشبینی دەکرێت. ئەوە لە کاتێکدایە، ساڵانە دارستانی ئەمازۆن رووبەڕووی لەناوچوون دەبێتەوە بەهۆی بڕینەوە و سووتانی دارستانەکە و تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی بەڕازیل رایگەیاند، تەنیا لەو ساڵەدا، رێژەی لەناوچوونی دارستانەکانی ئەمازۆن بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە بۆ ٢٢٪ بەرزبووەتەوە و تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢١دا، نزیکەی ١٣ هەزار و ٢٣٥ کیلۆمەتری چوارگۆشە لە رووبەری دارستانەکانی ئەمازۆن لەناوچووە ئەوەش بە گوێرەی داتای جیهانی لەو ساڵانەدا.
دارستانەکانی ئەمازۆن دەکەوێتە وڵاتی بەرازیل، زۆربەی رووبەری باکوری رۆژئاوای خاکی بەڕازیل دەگرێتەوە و بەرەو کۆڵۆمبیا، پیرۆ و وڵاتانی دیکەی ئەمەریکای باشوریش درێژ دەبێتەوە، گەورەترین زنجیرە دارستانی سەر زەوییە و رووبەرەکەی بە ٦,٦ ملیۆن کیلۆمتەری چوارگۆشە مەزەندە دەکرێت.
دارستانەکانی ئەمازۆن لانکەی نزیکەی سێ ملیۆن بوونەوەر و رووەکی جۆراوجۆرە، هەروەها یەک ملیۆن مرۆڤیش لە دانیشتوانی رەسەنی ئەو ناوچەیەن.
S.A