خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا شوان عەتوف، ماهیر حەسەن و ئەحمەد جۆڵا کۆدەکاتەوە

PM:02:44:10/04/2023

3776 جار خوێندراوەتەوە

لە ئایندەیەکی نزیکدا فیلمی سینەمایی خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنادا بەرهەم دەهێنرێت کە هونەرمەندان ماهیر حەسەن و ئەحمەد جۆڵا رۆڵی تێدا دەبینن و لە دەرهێنانی هونەرمەند شوان عەتوفە.

فیلمی سینەمایی خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنا ژانری ئارت کۆمیکە، لە نووسین و دەرهێنانی شوان عەتوف و لە بەرهەمهێنانی سۆران عوسمانەو هەردوو هونەرمەندی ماهیر حەسەن و ئەحمەد جۆڵا رۆڵی سەرەکیی تێدا دەبینن.

لە پێشووتریشدا، هونەرمەندان شوان عەتوف و ماهیر حەسەن پێشتر لە فیلمی ٠٩ لەساڵی ٢٠٢١ دا تیایدا پێکەوە رۆڵیان گێڕاوە.

ماهیر حەسەن، لە ١٠ـی کانوونی دووەمی ١٩٦٥ لە شارۆچکەی عەربەت لە پارێزگاری سلێمانی لەدایکبووە، خوێندنی لە سلێمانی تەواوکردووە و لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان لە ساڵی ١٩٨٥ بەشی شانۆی تەواوکردووە، هەر لە ساڵی ١٩٧٩ـەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە و زیاتر لە ٢٠٠ بەرهەمی هەیە.

شوان عەتووف، لەدایکبووی ١٨ی تەممووزی ١٩٧٢ لە سلێمانی لەدایک بووە، دەرھێنەر و ئەکتەرێکی فیلم، زنجیرەی تەلەڤیزیۆنی و شانۆی کوردییە، لە ساڵی ١٩٨٨ ھاتووەتە ناو بواری ھونەرییەوە، شوان دەرچووی بەشی کارەبایە لە ئامادەییی پیشەسازیی سلێمانی، لە ئازاری ٢٠١٩، وەک بەڕێوەبەری سینەمای سلێمانی دەستی بە کارەکانی کردووە.

ئەحمەد جۆڵا، لە دایکبووی شاری سلێمانی ساڵی (١٩٦٦)ە، لە ساڵی (١٩٧٩)ەوە خەریکی کاری هونەری شانۆ، دراما و فیلمی کوردییە.

ر.ئ