سەردێڕ:

عێراق؛ ٣٥٠ خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان

PM:02:17:24/04/2024

848 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لیژنەی دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەکانی باشووری پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند، ٣٥٠ خێزانی ئاوارەی دیکە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانەوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە ناحیەی یەسرپی باشووری پارێزگای سەڵاحەدین.


ئەمڕۆ چوارشەممە، مەنسور عوەید سەرۆکی لیژنەی دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەکانی باشووری پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند، دوای بڕیارەکەی حکومەت لەبارەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و داخستنی کەمپەکان لە ٣٠ ی مانگی تەمووزی داھاتوودا، بۆیان دەرکەوتووە کە داواکاری و خواستێکی زۆر ھەیە، لەلایەن ئاوارەکانی نیشتەجێی کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوە.

باسی لەوەش کردووە، لەو چوارچێوەدا ٣٥٠ خێزانی ئاوارەی دیکە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە ناوچەکانی سەربە ناحیەی یەسرپ لە باشووری پارێزگای سەڵاحەدین و چاوەڕوان دەکرێت لە ھەفتەی داھاتووشدا، ٤٠٠ خێزانی ئاوارەی دیکە لە هەرێمی کوردستانەوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لە ناوچەکانی باشووری پارێزگای سەڵاحەدین.

ئاماژەی بەوەش کردووە، تا ئێستا دوو ھەزار و ٥٠٠ خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە ناوچەکانی باشووری پارێزگای سەڵاحەددین.

لای خۆشیەوە محەمەد بەلداوی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ئاژانسی ھەواڵی فەرمی عێراقی ڕاگەیاندووە کە ھەوڵەکان بە ئامانجی دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ناوچەکانی باشووری پارێزگای سەڵاحەدین بەردەوامن.













گەلەری