سەردێڕ:

نرخی دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی

AM:10:56:29/04/2024

44008 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی دوو رۆژە نرخی دۆلار بەردەوامە لە دابەزین و لە ئێستاشدا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٤٤ هەزار و ٩٠٠ دینارە.


دوابەدوای سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن و ریاز نرخی دۆلار دابەزینی بەخۆیەوە بینی و لە ئێستاشدا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٤٤ هەزار و ٩٠٠ دینارە، لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە، لەکاتی داخستنی بازاردا ١٠٠ دۆلار بەرامبەر بە ١٤٥ هەزار و ٥٠ دینار بوو.

لەو بارەیەشەوە وتەبێژی بازاڕی دراوەکانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نرخی دۆلار دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ئەوەش کاریگەری سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە و پێشبینیش دەکرێت نرخی دۆلار لە ١٤٥ هەزار دیناردا بمێنێتەوە.

هەر ئەمڕۆ، بانکی ناوەندیی عێراق لە سەکۆی ئەلیکترۆنی خستنەڕووی دراوە بیانییەکانەوە رایگەیاند، ئەمڕۆ بە تێکڕا ٢٧٥ ملیۆن و ٢٢٧ هەزار و ٢٦٧ دۆلاریان بە بانک و بازرگانەکان فرۆشتووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەو رێژەیە ١٤ ملیۆن و ١٩٠ هەزار دۆلاری بەشێوەی کاش بووە و ٢٦١ ملیۆن و ٣٧ هەزار و ٢٦٧ دۆلاری بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە.

شەوی رابردووش، بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بە هەردوو شێوەی کاش و حەواڵە نزیکی سێ ملیار دۆلار فرۆشراوە و لەو رێژەیەش ٩٦٪ بەشێوەی حەواڵەدەرەکی بووە. ئەوەش یەکەم جارە بانکی ناوەندی لە دوو هەفتەدا نزیکی سێ ملیار دۆلار بفرۆشێت.













گەلەری