وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکانیان لەدوای کاتژمێر یەکی شەوەوە بارانبارینی بەلێزمە لە سەنتەری شارەکانی هەرێم دەست پێدەکات و تاوەکو کاتژمێر نۆی بەیانی بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی، دیلان رەشاد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ئەمشەو پێشبینی بارانبارینی بەلێزمە دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بارانبارینەکە لەدوای کاتژمێر یەکی شەوەوە
دەست پێدەکات و تاوەکو کاتژمێر نۆی بەیانی بەردەوام دەبێت.
ئەوەشی خستە روو، شەپۆلی بارانبارینەکە سەنتەری شارەکان
و زیاتر دەشتی هەولێر و کۆیە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین لەگەڵ دوکان و بەشێک لە
دهۆک و سلێمانی دەگرێتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بارانبارین
رووی لە ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە و بەهۆی بارانبارینی بەخوڕەوە لە
چەندین شوێن لافاو دروست بووە.