سەردێڕ:

بەهۆی زیادکردنی بەردانەوەی ئاوی دەربەندیخان هۆشداری دەدرێتە هاوڵاتیان

PM:05:58:03/05/2024

6000 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو رایگەیاند، لە ئەنجامی زۆری بڕی بارانبارین و دروستبوونی لافاو بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان زیاد دەکرێت و ئاستی ئاوی رووباری سیروان بەرز دەبێتەوە، هەربۆیە داوا لە دانیشتوانی سنووری گەرمیان و دەربەندیخان دەکەن لەپێناو سەلامەتی و دووربوونیان لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو لە رووبارەکە و بەنداوەکە دوور بکەونەوە تا ئەو کاتەی شەپۆلەکە ئاسایی دەبێتەوە.


ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەنداو و کۆگاکانی ئاو راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەهۆی زیادبوونی داهاتی ئاو و لافاو لە ئەنجامی زۆری بڕی بارانبارین بەردانەوەی ئاو لە بەنداوی دەربەندیخان زیاد دەکرێت و بۆ تێپەڕاندنی شەپۆلەکە دوو دەرگای سپیلوەی (کەناڵی زیاداو- سەرڕێژ) دەکرێتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەگەڵ کردنەوەی ئەو دوو دەرگایە، سپیلوەی دێوانە و تەواوی چەمەکانی تر لە بەری باوەنور و بەری مەیدان کە راستەوخۆ دەڕژێنە رووبارەکەوە دەکرێنەوە و بەهۆیەوە ئاستی ئاو لە رووباری سیروان بەرز دەبێتەوە.

باس لەوەش کراوە، پێویستە دانیشتوانی سنووری گەرمیان بەتایبەت ئەوانەی لە نزیک چەمی ئەو رووبارەن یاخود لە خوارەوەی بەنداوەکەن لە رێڕەوی رووباری سیروان دوور بکەونەوە و خۆیان لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو بپارێزن.

هاوکات، داوا لە دانیشتوانی دەربەندیخانیش دەکەن کە خواستیان لەسەر بینینی کردنەوەی شەلالەکان هەیە، بە مەبەستی دووربوونیان لە هەر رووداوێکی نەخوازراو لەسەر بەنداوەکە قەرەباڵغی دروست نەکەن، تا ئەو کاتەی شەپۆلە دەنیشێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، سامان ئیسماعیل بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی کە لە شەوی رابردووەوە رووی لە ناوچەکە کردووە سامانی ئاوی زیادیکردووە و بەمەبەستی راگرتنی باڵانسی ئاستی داهاتی ئاوی و بەکاربردنی ئاو یەکێک لە دەروازەکان کراوەتەوە. وتیشی، "بەنداوەکە کەمتر لە ٢٥ سانتیمەتری ماوە بۆ سەر رێژبوون".


 













گەلەری