سەردێڕ:

بانکی تی بی ئای: دەست بە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکەین

AM:10:44:03/05/2024

16364 جار خوێندراوەتەوە

بانکی تی بی ئای لە نوسراوێکدا رایگەیاند، ئامادەکاری تەواویان بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کردووە و داواشدەکەن کە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر سەرجەم وەزارەت وبەڕێوەبەرایەتییەکان ئاگاداربکاتەوە. دەشڵێت، "بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە ماوەیەکی کەمدا دەتوانین مووچەی مووچەخۆران بەبانکی بکەین".هاوکات فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عیراق بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ لەرێگەی بانکی بازرگانی عێراقەوە پرۆژەکەیان پێشکەشکردبوو.


ئەمڕۆ هەینی، بانکی بازرگانی عێراقی لە نوسراوێکدا داوای لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر کردووە ئامادەکارییەکان تەواو بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەواو بکات و بۆ ئەو مەبەستەش ئاسانکاری بۆ دەستڕاگەیشتن بە لیستی مووچەی مووچەخۆران بکرێت.

باس لەوەش کراوە، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕیکەر سەرجەم وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیەکان ئاگاداربکاتەوە کە لە رۆژی یەکشەممەوە لە رێگای بانکی بازرگانی عێراقەوە دەتوانن دەست بە بەبانکیکردنی مووچەکانیان بکەن.

دابەشکردنی مووچەی لە ریگای بانکی بازرگانی عێراقەوە

رۆژی ٣ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عیراق پرۆژەیەکیان پێشکەشکرد بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ لەرێگەی بانکی بازرگانی عێراقەوە و چەند پەرلەمانتاریکی فڕاکسیۆنە جیاوازەکانی هەرێم و عێراقیش واژۆیان لەسەر پرۆژەکە کرد.

لە پرۆژەکەی نەوەی نوێدا، هەموو مووچەخۆرێکی هەرێم هەژمارێکی بانکی لە بانکی بازرگانی عێراق کە لقی لە هەرێمیش هەیە بۆ دەکرێتەوە و مانگانە لەرێگەیەوە مووچەکەی وەردەگرێت لەگەڵ سەرجەم ئەو شایستە داراییانەی کە مووچەخۆرێکی عێراق وەریدەگرێت لە کاتی خۆیدا بەبێ دواکەوتن.

دواتر، رۆژی ١٩ـی نیسانی ئەمساڵ وەزیری دارایی عێراق جەخت لەسەر پڕۆژەکەی نەوەی نوێ بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ لە بەغداوە دەکاتەوە و دەڵێت پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تەنها لە رێی بانکەکانی (تی بی ئای، رەشید و رافیدەین)ـەوە دەبێت، نەک لە رێی هەژماری من.

بە گوێرەی نوسراوەکەش وەزارەتی دارایی عێراق داوای لە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان کردووە، ناو و زانیاری فەرمانبەرەکانی، "خێرا" بنێرێت بۆ بەغدا بۆ ئەوەی مووچەیان بخرێتە سەر بانکە حکومییە فیدڕاڵییەکان، کە ئەوانیش بریتین لە بانکی عێراق بۆ بازرگانی (تی بی ئای)، بانکی رەشید و بانکی رافیدەین.

رۆژی ٥ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێدا کۆبووەوە و باسیان لە پڕۆژەکەی فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ بۆ دابەشکردنی موچەی هەرێم لەلایەن بانکی بازرگانی عێراقەوە کرد و سودانی پرۆژەکەی پەسەندکرد.

سەرۆکی حکومەتی کاربەڕیکەر رازیبووە بە دابەشکردنی مووچە لەرێگای بانکی بازرگانی عێراقەوە؛

لەو بارەیەشەوە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر لە نوسراوێکدا کە ئاراستەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە تێیدا هاتووە، بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق لەگەڵ بانکی بازرگانی عێراق رێککەوتن بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و بەبانکیکردنی مووچەکانیان.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٢ـی مانگی ١١ـی ساڵی رابردوو لەسەر داوای نەوەی نوێ، محمد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم راستەوخۆ لە رێگای هەژماری بانکییەوە بنێرێت.

پێشتریش، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە واژۆی ١٢٠ پەرلەمانتاری عێراقی نووسراوێکی گەیاندە سەرۆک وەزیرانی عێراق کە داوای کردبوو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم راستەوخۆ بخرێتە سەر هەژماری بانکیی فەرمانبەران.

بەپێی پڕۆژەکەی نەوەی نوێ، هەموو مووچەخۆرێکی هەرێم هەژمارێکی بانکی لە بانکی بازرگانی عێراق کە لقی لە هەرێمیش هەیە بۆ دەکرێتەوە و مانگانە لەرێگەیەوە مووچەکەی وەردەگرێت.













گەلەری