سەردێڕ:

کەلار؛ رووبەرووبوونەوە لە نێوان هێزەکانی پۆلیس و سێ تۆمەتباردا روویدا

AM:09:15:24/04/2024

5084 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەلار بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ژمارەیەک تۆمەتبار کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووبوو بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە باوەنور – کەلار دەسترێژی گوللـەیان لە بنکەیەکی پۆلیسی ١٠٤ و بەڕێوەبەری پۆلیسی کەلار کردووە.دەشڵێت،"تۆمەتبارەکان سێ کەس بوون و لە ئێستاشدا دەستگیرکراون".


ئەمڕۆ چوارشەممە، چاوگێک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، رۆژی ٢٤ـی نیسان سێ تۆمەتبار کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوبوو بەهۆی چەند تاوانێکەوە کاتژمێر ٣:٠٥ خولەکی بەرەبەیان لە شارۆچکەی باوەنور – کەلار دەسترێژی گوللـەیان لە بنکەی پۆلیسی باوەنور کرد.

ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لەوە کە دەسترێژی گوللـەیان لە بنکەی پۆلیسی باوەنور کردووە لە هەمانکاتدا تەقەیان لە ئۆتۆمبیلی جومعە مەجید بەڕێوەبەری پۆلیسی کەلار کردووە. وتیشی، "رووبەرووبوونەوە لە نێوان هێزەکان پۆلیس و تۆمەتبارەکاندا دروستبووە، بەڵام سێ تۆمەتبارەکە بە ئۆتۆمبێلیکی جۆری ئەڤەلۆن هەڵاتوون و رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە و تەنها زیانی مادی هەبووە".

باسی لەوەش کرد، بەهەوڵی تیمەکانی پۆلیسی ناوچەکە سێ تۆمەتبارەکە لە ئێستادا دەستگیرکراون و لە رابردووشدا بەهۆی چەند دۆسیەیەکی دزیکردن لە بنکەی پۆلیسی کەلار دەستگیرکرابوون. 

بڕیار جاف – کەلار













گەلەری