هەندێک کەس لەناکاو یان وردە وردە تووشی بەرگەنەگرتنی لاکتۆز دەبن، لەگەڵ
خواردنەوەی پەرداخێک شیر یان بەرهەمە شیرەمەنیەکان کە دەبێتە هۆی ئاوسانی سک و گرژبوون
و سکچوون، ئەمەش بەزۆری بەهۆی کەمی ئەنزیمی لاکتازەوەیە کە بەرپرسە لە هەرسکردنی لاکتۆز
دروست دەبێت.
بەپێی بابەتێکی ماڵپەڕی "health"،
پسپۆران زۆرجار ئەمە بە حاڵەتێکی هەمیشەیی دادەنێن، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی
ئەم دواییە دەریانخستووە کە نیشانەکان هەمیشە بە وردی لەگەڵ ئاستی ئەنزیمەکاندا ناگونجێن،
هەندێک کەس بەرگەی بڕێکی کەمی لاکتۆز دەگرن بەبێ ئەوەی کێشەیان هەبێت، هەندێکی دیکەش
کاردانەوەی توندیان دەبێت بەرامبەر بە بڕێکی کەمیش، ئەمەش وایکردووە توێژەران جگە لە
ئەنزیمەکان سەیری هۆکارە دەمارییەکانیش بکەن.
زانستی دەمارە کاراییەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە سیگناڵەکانی سیستەمی
دەمار لە نێوان مێشک و ڕیخۆڵەدا کاریگەرییان لەسەر جوڵەی ڕیخۆڵە و هەستیاری ئازار و
کاردانەوەی جەستە بەرامبەر بە لاکتۆز هەیە.
شارەزایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە جینات وەک هۆکارێکی سەرەکی دەمێنێتەوە
بۆ بەرگەنەگرتنی لاکتۆز،ئەم توێژینەوەیانە تیشک دەخەنە سەر گرنگی سەیرکردنی هەرسکردن
وەک پرۆسەیەکی گشتگیر کە کۆئەندامی دەمار دەگرێتەوە، ئەمەش ڕەنگە یارمەتی هەندێک کەس
بدات بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان و باشترکردنی تەندروستییان، تەنانەت ئەگەر ڕێگەیان پێنەدرێت
بەرهەمە شیرەمەنیەکان بە تەواوی بخۆنەوە.