رۆناڵدۆ دوو ڤێلای گرانبەهای لە ناوجەرگەی دەریای سور کڕی

PM:02:52:24/12/2025

3860 جار خوێندراوەتەوە

رۆناڵدۆ دوو ڤێلای گرانبەهای لە ناوجەرگەی دەریای سور کڕی و دەڵێت لە یەکەم سەردانمەوە هەستم بە ئارامی کرد تێیدا.

کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و جۆرجینای هاوژینی، بە کڕینی دوو ڤێلای گرانبەها لە پڕۆژەی رێد سی رێزیدێنت لە ناو جەرگەی دەریای سوور، بوونە خاوەنی نوێی هاوینەهەواری نجومای سەر بە گرووپی ڕیتز کارڵتۆن.

ئەم ناوچەیە وەک پەناگەیەکی تایبەت دیزاین کراوە و گەیشتن پێی تەنها لە ڕێگەی بەلەمی تایبەتی یان تەکسی ئاسمانی و دەریاییەوە دەبێت، ۆۆناڵدۆ دوای کڕینی ئەم دوو موڵکە رایگەیاند: دەریای سوور شوێنێکی سەرسوڕهێنەرە، من و جۆرجینا لە یەکەم سەردانمانەوە هەستمان بە پەیوەندییەکی قووڵ لەگەڵ ئەم دوورگەیە کرد، لێرە هەست بە ئارامییەکی تەواو دەکەین.

ئەستێرەکەی یانەی نەسڕی سعوودی دوو ڤێلای کڕیوە؛ یەکێکیان خاوەن سێ ژووری نوستنە بۆ بەکارهێنانی خێزانی و ئەوی دیکەشیان خاوەن دوو ژووری نوستنە، ئەم هەنگاوەی رۆناڵدۆ بۆ دابینکردنی شوێنێکی تایبەت و ئارامە بۆ خێزانەکەی دوور لە چاوی کامێراکان.

لای خۆیەوە، جان پاگانۆ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی رێد سی گڵۆباڵ بەخێرهاتنی ئەو دوو هاوسەرەی کرد و رایگەیاند، بڕیاری ڕۆناڵدۆ بۆ کڕینی موڵک لەم ناوچەیە، نیشانەی سەرنجڕاکێشی دەریای سوورە بۆ ئەو کەسانەی بەدوای تێکەڵکردنی سەرکێشی و جوانیدا دەگەڕێن.