زانایانی بواری
دەریاوانی هۆشداری دەدەن لە گۆڕانکارییەکی مەترسیدار کە خەریکە ڕووی زەوی دەگۆڕێت
و ئەویش تاریکبوونی ئۆقیانووسەکانە لە سەرانسەری جیهاندا.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی"new science"، زانای گەورە تیم سمایس لە تاقیگەی
پلیمۆس لە بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە ئۆقیانووسە کراوەکان ڕێگری لە چوونە ناوەوەی
ڕووناکی دەکەن بۆ قووڵایی ئاوەکان و ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تەواوی
سیستەمی ژینگەیی دەریا دەبێت.
ئەم دۆزینەوەیە
دوای شیکردنەوەی داتاکانی مانگی دەستکرد بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ دەرکەوتووە و ئەوە
دەسەلمێنێت کە ڕووبەری پێنج یەکی ئۆقیانووسەکانی جیهان لێڵ بوون و کەمتر ڕووناکی
دەگەیەننە خوارەوە.
ئەم لێڵبوونی ئاوە تەنها لە چەند ناوچەیەکی
دیاریکراودا نییە بەڵکو ناوچەیەکی زۆر فراوان و پەیوەست بەیەکدی دەگرێتەوە کە
زانایانی تووشی سەرسوڕمان کردووە.
تاریکبوونی
ئاوەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆچی ڕۆژانەی تریلیۆنەها بوونەوەری دەریایی وەک ماسییە
بچووکەکان و دۆلفینەکان دەبێت کە بەپێی ڕووناکی مانگ و خۆر جوڵە دەکەن.
زاناکان دەڵێن
گەرمبوونی زەوی و گۆڕانکاری لە بەکارهێنانی زەوی لەلایەن مرۆڤەوە هۆکاری سەرەکین
بۆ ئەم گۆڕانکارییە نەرێنییە.
تیم سمایس دووپاتی دەکاتەوە کە هێشتا هیوایەک
ماوە بۆ چاککردنەوەی ئەم دۆخە ئەگەر مرۆڤایەتی هەنگاوی گەورە بنێت بۆ پاراستنی
ژینگەی دەریا و کەمکردنەوەی پیسبوونی ئاوەکان تاوەکو جارێکی تر ڕووناکی بتوانێت بە
قووڵایی ئۆقیانووسەکاندا بچێتە خوارەوە.