پڕۆگرامی خۆشترین دەنگ پاش دە ساڵ دەستپێدەکاتەوە

PM:12:57:16/04/2024

11148 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ دەستپێکی وەرزی نوێی ئێن ئارتی دوو، وەرزی دووەمی بەرنامەی خۆشترین دەنگ دەستپێدەکاتەوە.

چوار ئەستێرەی دیاری هونەری گۆرانی کوردی وەک لیژنەی دادوەر لەم وەرزەی پرۆگرامی خۆشرین دەنگدا بەشدارن کە ئەوانیش هەریەک لە ( دیاری قەرەداغی، هەڵوێست، فرمێسک و رێبین جەمال)ن.

رێبین عومەر، پرۆدیوسەری پرۆگرامی خۆشرین دەنگ رایگەیاند، لەم وەرزەدا ٤٠٠ بەشداربوو لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە کە لە شارەکانی باشوری کوردستان تێستی سەرەتایی کراون و پوختەکراون بۆ زیاد لە ١٠٠ بەشداربوو کە دێنە سەر ستەیج، لە نێویاندا چەندین گەنجی بەهرەمەند و دەنگی نوێی تێدایە.

رێبین ئاماژەی بەوەشکرد "بەرنامەکە پێکدێت لە پینج قۆناغی سەختی پێشبڕکێ لە نێوان بەشداربوواندا، کە لە کۆتاییدا یەک بەشداربووی تیمی یەکێک لە مامۆستاکان دەبێتە براوەی نازناوی خۆشترین دەنگ."

لە وەرزەی نوێی پرۆگرامەکەدا، ڤینۆ کاروان وەک پێشکەشکاری سەر ستەیج و دییە شەریف وەک پێشکەشکاری سەر باکستەیج دەردەکەون.

پرۆگرامەکە بە ئاستێکی بەرزی جیهانی پێشکەش دەکرێت، ئەمەش دووەم جارە دوای ساڵی ٢٠١٣ کەناڵی ئێن ئارتی دوو پرۆگرامێکی هاوشێوە لە ئاستی جیهانی بەرهەمدەهێنێت.

جێگای باسە کە بەرهەمی وەرزی یەکەمی خۆشترین دەنگ، چەندین گۆرانیبێژو دەنگی نوێ دروست کرد کە ئێستا لە گۆڕەپانی هونەردا دیارن.