کاریگەری کارکردن لەسەر تەندروستی دەروونی

PM:05:53:15/04/2024

180 جار خوێندراوەتەوە

کارکردن تەنها ئامرازێک نییە بۆ بەدەستهێنانی داهات، بەڵکو هۆکارێکی سەرەکییە بۆ باشترکردنی تەندروستی دەروونی مرۆڤ.

بە گوتەی پزیشکی دەروونی بەریتانی ماکس پێمبەرتۆن لە وتارێکدا کە لە رۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بەریتانیدا بڵاوکراوەتەوە، زۆر کەس تێگەشتنیان بۆ بەها و گرنگی کار نییە، ئاماژە بەوە دەکات کە کارکردن بە گشتی بۆ خۆشگوزەرانی و باوەڕبەخۆبوون و تەندروستی دەروونیمان پێویستییەکی گەورەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد "روونە بێکاری و خەمۆکی لە بنەڕەتدا پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە، بێکاران زیاتر تووشی خەمۆکی دەبن بە بەراورد بەو کەسانەی کە کار دەکەن"، وتیشی "بەڵگەی باش هەیە کە باشترین چارەسەر بۆ خەمۆکی و دڵەڕاوکێی سووک تا مامناوەند، کارکردنە".

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "زۆر نەخۆش دەبینم کە کێشەی تەندروستی دەروونییان هەیە، هەست بە بێهیوایی دەکەم، چونکە ساڵانێک "هەندێکجار هەموو ژیانیان" بێکار بوون، بۆ زۆرێکیان هەبوونی کارێک زۆر سوودی زیاتری دەبێت لە هەر حەبێک کە بۆیان بنووسم".

شارەزایان دەڵێن، بەشداریکردن لە چالاکییەکانی رۆژانەدا دەتوانێت رۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت لە هەستکردن بە رازیبوون و ئاسوودەیی دەروونی.

لای خۆیەوە، مێل ستراید، وەزیری کار و خانەنشینی بەریتانیا، هەفتەی رابردوو جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت ئینگلیزەکان بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی کە ناوی لێنابوو "باوەڕی کۆن"، کە بریتییە لە دروشمی "کارکردن بۆ ئێمە باشە".

لەو کاتەدا ستراید باسی ئەو ژمارە زۆرەی گەنجانی دەکرد کە بەهۆی نەبوونی کارەوە تووشی کێشەی دەروونی بوون.