کەشناسی: خۆڵبارین دەست پێ دەکات

PM:12:51:15/04/2024

168 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسی هەرێم رایگەیاند، بۆ ئەمڕۆ ئەگەری بارینی تاوەباران و بروسکەی کەم کەم لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم و هەندێک لە ناوچەکانی پارێزگای دهۆک هەیە. دەشڵێت، "لە ناوچەکانی باشوور و رۆژئاوای هەرێم خۆڵبارین دەست پێ دەکات".

ئەمڕۆ دووشەممە، کەشناسی پیشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئاسمان هەور دەبێت و دواتر بۆ نیمچەهەور دەگۆڕێت، ئەگەری بارینی تاوەباران و بروسکەی کەم کەم لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان و شنگال و دەوروبەری و هەندێک لە ناوچەکانی پارێزگای دهۆک هەیە.

باسی لەوەش کرد، ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆزێکی سووک لە ناوچەکانی باشوور و رۆژئاوای هەرێم هەیە و لە کاتەکانی شەودا کەشەکە جێگیر دەبێتەوە و ئاسمان بەرەو ساماڵ دەگۆڕێت.

وتیشی، پلەکانی گەرما ١ بۆ ٣ پلە بەراورد بە دوێنێ یەکشەممە نزم دەبنەوە و مەودای بینین لەنێوان ٧ بۆ ٩ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت.

ئەوەشی خستە روو، سبەی سێشەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی پەڵەهەوری جیاجیا، پلەکانی گەرماش ١ بۆ ٣ پلە بەراورد بە ئەمڕۆ بەرز دەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر : ٢٥

سلێمانی : ٢٣

دهۆک : ٢٣

زاخۆ : ٢٤

هەڵەبجە : ٢٢

کەرکوک : ٢٦

سۆران : ٢٢

حاجی ئۆمەران : ١٣

گەرمیان : ٢٧

S.A