دیزاینەری جلوبەرگی شازادە دیانا دوای ٤٣ ساڵ کۆپییەکی جلی بووکێنیەکەی نمایش دەکات

AM:11:23:15/04/2024

3720 جار خوێندراوەتەوە

دیزاینەری جلی بووکێنی شازادە دیانا کۆپییەکی ئەو جلە بەناوبانگەی نمایشکرد کە شازادەی کۆچکردوو شازادە دیانا لەکاتی هاوسەرگیری لەگەڵ شا چارڵز لە ساڵی ١٩٨١ لەبەری کردبوو.

بەپێی ماڵپەڕی "people" ئەو جلە بووکێنییە کۆپییەکی یەدەگ بووە کە لەو کاتەدا وەک خۆپارێزییەک دیزاین کراوە بۆ بارودۆخی پێشبینی نەکراو کە لەوانەیە لە ئاهەنگی هاوسەرگیریدا ڕووبدات.

دیزاینەری ئەو جلە بووکێنییە ئەلیزابێس ئیمانوێل، دەڵێت " کەمێک دەترسام، بیرم لەوە دەکردەوە، چی ڕوودەدات ئەگەر کەسێک بچێتە ژوورەوە و جلەکە بدزێت، یان شتێکی پێ بڕژێت، یان ئاگر بکەوێتەوە، بۆیە بیرم لە دیزاینکردنی جلی یەدەگ کردەوە، کە ئیلهامم لەو جلی پەمەییە وەرگرتبوو کە بۆ دیانا دیزاینم کردبوو، بۆ ئەوەی لە ئاهەنگێکی تایبەتدا لەبەری بکات چەند ڕۆژێک پێش هاوسەرگیرییەکەی"

ئەلیزابێس لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد جلە یەدەگەکە جیاوازییەکی زۆری هەبوو لەگەڵ ئەو جلە بەناوبانگەی کە شازادە دیانا لە ڕۆژی هاوسەرگیرییەکەیدا لەبەری کردبوو.

جیگەی باسە ئەو دیزاینەرە جلە بووکێنییە یەدەگەکەی نۆژەنیکردووەتەوە، بە مەبەستی نمایشکردنی لە مۆزەخانەی شازادە دیانا.