هۆکارەکانی دروستبوونی برینی گەدە

AM:08:41:15/04/2024

7668 جار خوێندراوەتەوە

برینی گەدە بریتییە لە برینی ناوپۆشی گەدە یان ڕیخۆڵە باریکە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تووشبووەکە هەست بە ئازاری گەدە بکات کە بەرگەگرتنی قورسە.

بەپێی بابەتێکی ماڵپەڕی "healthshots"، برینی گەدە بەهۆی زیادبوونی ترشەڵۆکی گەدەوە ڕوودەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی کۆئەندامی هەرس ئەم برینە لەسەر گەدە و هەروەها ڕیخۆڵە باریکەش دەردەکەوێت.

دوو جۆر برینی گەدە هەیە:

- برینی گەدە کە دەکەوێتە ناو گەدەوە.

- برینی دوانزەگرێ کە دەکەوێتە بەشی سەرەوەی ڕیخۆڵە باریکە.

پزیشکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە برینی دوانزەگرێ چوار ئەوەندە ئازاری زیاترە بە بەراورد بە برینی گەدە.

نیشانەکانی برینی گەدە:

- ئاوسانی سک.

- دڵەکزێ

- هێڵنجدان.

- هەست نەکردن بە تێربوون.

- هەبوونی خوێن لە پیساییدا.

هۆکارەکانی دروستبوونی برینی گەدە:

١. هەوکردنی هێلیکۆباکتێر پایلۆری (H. pylori)

ئەمەش هەوکردنی بەکتریایە لە گەدەدا دەبێتە هۆی هەوکردنی گەدە کە چینی پارێزەری سەر گەدە لاواز دەکات ئەمەش ڕێگە دەدات ترشەڵۆک بە ناوپۆشی گەدەدا تێپەڕێت کە ئەمەش شوێنێکی زۆر هەستیارە دەبێتە هۆی دروستبوونی برینی ناوپۆشەکە.

٢. فشار

یەکێک لە هۆکارەکانی تووشبوون بە برینی گەدە بریتییە لە فشار، توێژینەوەیەک کە لە گۆڤارێکی پزیشکیدا بڵاوکراوەتەوە باس لەوە دەکات فشارە دەروونییەکانی وەک خەمۆکی کاریگەری لەسەر دروستبوونی برینی گەدە هەیە.

٣.جگەرەکێشان

برینی گەدە ئەگەری هەیە لەو کەسانەدا ڕووبدات کە زۆر جگەرە دەکێشن، ئەو کەسانەی جگرەکێشن ئەگەری تووشبوونیان بە برینی گەدە 1.8 هێندە زیاترە بە بەراورد بەوانەی کە هەرگیز جگەرەیان نەکێشاوە.

٤. وەرگرتنی هەندێک چارەسەری شێرپەنجە

چارەسەری شێرپەنجە وەک چارەسەری تیشکی یان دەرمان ،هۆکارێکە بۆ دروستبوونی برینی گەدە، کە بەزۆری لە دوو مانگی یەکەمدا روودەدات.