کەشناسی هەرێم: شەپۆلێکی بەهێزی بارانی بەلێزمە و هەورەتریشقە هەرێم دەگرێتەوە

AM:10:39:18/03/2024

296 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسی هەرێم رایگەیاند، لەمڕۆوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانی بەلێزمە و هەورەتریشقە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما دادەبەزن. دەشڵێت، شەپۆلەکە تاوەکو دوانیوەڕۆی رۆژی ٢٠ی مانگ بەردەوام دەبێت.

کەشناسی هەرێم راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ دووشەممە، بارانبارین بەشێوەی نمەبارانی لەسەرخۆ لە کاتە جیاجیاکاندا لەسەر هەندێک ناوچە دەستپێدەکات و زۆربەی کاتەکان ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و پلەکانی گەرما بە نزیکەی ١ بۆ ٣ پلە دادەبەزن. رێژەی دابارین لە سنووری پارێزگای دهۆک زیاتر دەبێت بەتایبەت لە کاتەکانی شەودا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەی سێشەممە، دوای زیادبوون و بەهێزبوونی کاریگەری ئەو شەپۆلەی رووی لە ناوچەکە کردووە، لە ئەنجامی کاریگەری یەکگرتنی دوو نزمە پاڵەپەستۆی (دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور)، بارانبارین بەشێوەی مامناوەند و بارانبارینی بەلێزمە و هەورەتریشقە بە درێژایی رۆژی سێشەممە سەرجەم هەرێم دەگرێتەوە.

کەشناسی ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەری هەورەتریشقە و بارینی تەرزە هەیە لە کاتە جیاجیاکان و هەندێک ناوچە لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با بۆ سەرووی ٢٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

دەشڵێت، کاریگەری ئەم شەپۆلە لە رۆژی چوارشەممە، ٢٠ی مانگدا لاواز دەبێت، لەکاتەکانی دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ کۆتایی دێت.

بڕی بارانبارینی پێشبینی کراو بەمجۆرە دەبێت:

سەرەتا دەستپێکی بارانبارین لە پارێزگای دهۆک دەبێت لەکاتەکانی شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە، بەدرێژایی رۆژی سێشەممە بارانی بەلێزمە سەرجەم ناوچە شاخاوییەکان و سنووری پارێزگای دهۆک و بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان دەگرێتەوە.

بڕی باران لەو سنوورەدا بەگوێرەی پێشبینییەکان:

سەنتەری دهۆک سەرووی ٦٠ ملم

ناوچە شاخاوییەکان بەتایبەت ناوچە سنورییەکان (ئاکرێ، شیلادزە، چمانکێ، ئامێدی) سەرووی ٧٠ ملم

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەنێوان (٤٥ بۆ ٦٥) ملم

دوای درێژبوونەوەی کاریگەری شەپۆلەکە بۆ سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بڕی دابارین بۆ رۆژی سێشەممە لە ناوچەکانی تر بەمشێوەیە دەبێت:

سنووری هەولێر: سەنتەری شار زیاتر لە ٤٠ ملم دەبێت و ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر لە سەرووی ٦٠ ملم دەبێت.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: لە سەرووی ٦٠ ملم دەبێت

سنووری پارێزگای سلیمانی و گەرمیان و بەشێک لە پاریزگای هەڵەبجە: زۆربەی کات لە کاتەکانی دواینیوەڕۆ و بارانبارینی بەلێزمە دەبێت، بڕی بارانی پێشبینیکراو لەو کاتەدا بەمشێوەیە دەبێت:

سنووری پارێزگای سلێمانی و ناوچە شاخاوییەکانی لەنێوان ٧٥ بۆ ٤٥ ملم

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە ٤٥ بۆ ٣٥ ملم

پارێزگای هەڵەبجە و ناوچە شاخاوییەکانی ٣٥ بۆ ٢٥ ملم

ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین: بەدرێژایی ماوەی دەستپێکی شەپۆلەکە بارانبارین لەو ناوچەیە بەردەوام دەبێت و بڕەکەی لەنیوان ٨٥ بۆ ٦٥ ملم دەبێت.

S.A