سوپرایزێک چاوەڕێی بەکارهێنەرانی ئایفۆن دەکات

PM:07:06:17/03/2024

27940 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای ئەپڵ، نیازی خۆی ئاشکرا کرد کە لە ماوەی ساڵی داهاتوودا مامەڵەی مۆبایلە زیرەکەکانی ئایفۆن ئاسانتر بکات لەگەڵ ئەو مۆبایلانەی کە سیستەمی کارپێکردنی ئەندرۆیدیان لەسەرە، ئەمەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای بازاڕە دیجیتاڵییەکانی یەکێتی ئەوروپا.

جێگای سەرنجە هەرکەسێک ئایفۆنێکی هەبێت دەتوانێت ئەپڵیکەیشنێک بەکاربهێنێت بۆ گواستنەوەی زانیاری بۆ مۆبایلێکی تر بە سیستەمی کارپێکردنی ئەندرۆید، بەڵام هێشتا پرۆسەکە بۆ زۆرێک لە بەکارهێنەران قورسە چونکە هێشتا ئەپڵ رەتیدەکاتەوە هاوکاری بکات بە دابینکردنی زانیاری تەواو.

کۆمپانیای ئایفۆن رایگەیاند کە ئەم گۆڕانکارییە تا چارەکی سێیەمی ساڵی داهاتوو بەردەست دەبێت بۆ بەکارهێنەران.

ئەپڵ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "چارەسەرێک پەرەپێدەدات کە یارمەتی گەشەپێدەرانی سیستەمی کارپێکردنی مۆبایل دەدات بۆ پەرەپێدانی چارەسەری گونجاوتر بۆ بەکارهێنەران بۆ گواستنەوەی زانیاری لە ئایفۆنێکەوە بۆ مۆبایلێکی تر کە ئایفۆن نییە".

هەروەها کۆمپانیای ئەپڵ ئامانجی ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو توانای گواستنەوەی زانیاری لە وێبگەڕێکەوە بۆ وێبگەڕێکی دیکە لەسەر هەمان ئامێر دابین بکات، ئەم گۆڕانکارییە ئاسانکاری دەکات بۆ گواستنەوە لە وێبگەڕی سەفاری ئەپڵەوە بۆ وێبگەڕی گووگڵ کرۆم بە نموونە.

یەکێتی ئەوروپا یاسایەکی دەرکرد بە ئامانجی هاندانی کێبڕکێی دادپەروەرانە لە بازاڕی تەکنەلۆژیا و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان، لەوانەش کێبڕکێ لە نێوان بەرنامەکانی وێبگەڕەکاندا.

ئامانجی یاساکە رێگریکردنە لەوەی کۆمپانیاکان مامەڵەی بازرگانی بە خزمەتگوزارییەکانیان یان ئەپلیکەیشنەکانیان بکەن و جیایان بکەنەوە لە بەرهەمی کۆمپانیا رکابەرەکان لەسەر ئامێرەکانیان.

رێسا توندەکان لە پلاتفۆرمە زەبەلاحەکانی ئینتەرنێت لە ناو یەکێتی ئەوروپا دەستیان بە جێبەجێکردن کردووە، کۆمیسیۆنی ئەوروپاش تا ئێستا ٢٢ خزمەتگوزاری دیجیتاڵی لە شەش کۆمپانیای زەبەلاحەوە دەستنیشان کردووە کە پێویستە بۆ جێبەجێکردنی یاسا نوێیەکان، لەوانە ئەپڵ، ئەمازۆن، مایکرۆسۆفت، ئەلفابیت کە خاوەندارێتی گووگڵ دەکات و مێتا کە خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرامە، جگە لە تیک تۆکی چینی.

H.Y