ئاش و ئاخوڕ
PM:04:49:18/07/2024
2936 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدوڵەتیف
+
-
لیستی سەربەخۆ و کاندیدی سەربەخۆ لەم هەرێمەدا، لە ئان و ساتی هەڵبژاردن کە
هەموو شت بۆتە لەیستۆک و کڕین و فرۆشتن و ساختە و باختە، بە تەواوی ئەستەمە و وجودی
نییە و با کەس تاقی نەکاتەوە.
هەندێک لیستی هەڵبژاردن کە گوایە هەڵگری دروشمی چاکسازی و گۆڕانکارین، هیچ
پڕۆژە و تەرحێکی لۆژیکی و راشیۆناڵیان نییە و بە تەواوی لە خزمەتی نەهجی ئایندەیی
دەسەڵاتدا کاندیدەکانیان داناوە، گوایە سەربەخۆن، بەبێ پڕۆژە و دونیابینییەکی نوێ،
بە تێبینی ئەوەی چەند کەسێکی دەگمەن و نیشتیمانپەروەر هەن و جێگای شانازین، بەڵام
دەنگیش ناهێنن، چونکە دەنگدەری هەرێم دەنگدەری تەڵقینکراوی ئایدۆلۆژیی حزبییە و یەکلایی
بۆتەوە، بۆیە خزمەتکردن بە دەسەڵات لە ئێستادا دەیان رەنگ و شێواز و ڤیژنی هەیە، هەر
ئەوە نییە لە مەڵبەند و لق و ناوچە دەوام بکەیت، دەشێت لە گروپی کۆمپانیاکان بیت و
ناڕازیش بیت لە دەسەڵات و سەربەخۆخوازبیت و دژی لەشکرکێشیەکانی وڵاتە دراوسێکانیش
بیت و ماڵەکەت کردبێتە مەکۆی دەنگ هەڵبڕین و رەخنە و ئاگۆرای فەلسەفی دژی بنەماڵە و
دەسەڵاتەکانیان.
بۆیە لێدان لە دەنگی ناڕازی و کوشتنی هیوای خەڵک مۆدێلی زۆرە و نابێت فریو بخۆن،
هێنانی کاندیدی دوبارە و بێمیتۆد و بێکوالیتی هەر خزمەتی دەسەڵات دەکات و بەشێکیان
سەر بە ئاشەکەن و بەشەکەی تریان ئاخوڕەکە.
ئەوانەی ئەندازیاری دزینی دەنگی ناڕازی و کپکردنی هاوارەکانی پانزە ساڵی رابردوو
بوون بۆ ناو حکومەت باشیان نەکرد ئۆپۆزسیۆنیان ئاوا فەلەج و شەقوشڕ کرد، ئێستاش بەرماوەکانیان
خەریکی لێدانەوەی هەمان قەوان و خەباتی سیاسین بۆ بردن و ماشینەوەی بەشەکەی تری دەنگی
ماندوی ناڕازی بۆ ناودەسەڵات و باشترە ئەو عادەتە قەدیمیە تەرک بکەن.
ئەگێڕنەوە ژنێکی شوانکارەی بەژن رێکیدێهاتی، سێ شووی کردبوو، لەچوارەم شوویدا و کاتی زەماوەند کە سواری ئەسپەکەی
ئەکەن و ئەیبەن بۆ ژووری زاوا، هەر ئەگریە و مەکروناز دەکا وەک جاری یەکەم، پێخەسوو
پێی ئەڵێ خاتوون، خۆ تۆ کچی چواردە نیت و دوو سێ شووی ترت کردووە گریانی بۆ چییە،
ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت، ئەوە عادەتی قەدیمیە و تەرکی ناکەم، ئەگینا چ حەوجەم بە گریانە
کاتێ زاوام گرت.